لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 340 کەس لە ئێران لە سێدارە دراون، و مانگرتنیش لە 59 زیندانیی جیاواز بەردەوامیی هەیە.
ئەمڕۆ لە 133ـەمین هەفتەی خۆیدا هەڵمەتی 'سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان' لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لانیکەم 342 کەس لە سێدارە دراون کە لە نێویان 12 ژن و منداڵ هەن، و بەهۆی فشار خستنە سەر زیندانییانیش مانگرتن لە 59 زینداندا بەردەوامە.
هەر لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتووە، دوو کەسی دیکەش لە دەستگیرکراوانی خۆپێشاندانەکانی ئەم دواییە، سزای لەسێدارەدانیان بە سەر دا سەپێنراوە.
ئاماژە بەوە کراوە، ئێران بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە نێو خەڵکدا، ئەو زیندانییانەی دژی لەسێدارەدان ناڕەزایەتی دەردەبڕن ڕەوانەی زیندانیی تاکەکەسی دەکرێن یاخود دۆسیەی نوێیان بۆ دروست دەکات.
هاوکات، هەڵمەتی 'سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان' لە 9ی کانوونی دووەمی 2023، وەک ناڕەزایەتییەک دژی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوان دامەزراوە.