توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە ڕێژەی بەکارهێنانی ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد لە نێوان کارمەندانی هۆنگ کۆنگدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە زیاتر لە دوو هێندەی تێکڕای جیهانی.

 

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست ڕایگەیاند، بەپێی ڕاپۆرتێکی زانکۆی هۆنگ کۆنگ بۆ زانست و تەکنەلۆژیا، زیاتر لە 70%ی کارمەندان لە هۆنگ کۆنگ بە شێوەیەکی ڕۆژانە یان هەفتانە سوود لە تەکنەلۆجیای ژیریی دەستکرد وەردەگرن.

 

بەپێی زانیارییەکانی توێژینەوەکە کە لە مانگەکانی ئازار و نیساندا ئەنجام دراوە و 3722 کارمەند تێیدا بەشدار بوون، دەرکەوتووە کە ڕێژەی بەکارهێنانەکە دەگاتە 72.7%، لە کاتێکدا تێکڕای بەکارهێنانی جیهانی تەنها 31%ی تۆمار کردووە.

 

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە زیاتر لە 60%ی بەشداربووان تەمەنیان لە نێوان 30 بۆ 49 ساڵدایە، و سەرەڕای لێهاتوویی زۆریان لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرددا، کارمەندانی نوێتر هەست بە جۆرێک لە نائارامی و نیگەرانی دەکەن سەبارەت بە پاراستنی هەلی کارەکانیان لە داهاتوودا. ئەم ترسە لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە ڕەنگە ژیریی دەستکرد لە چەندین بواری جیاوازدا جێگەی مرۆڤ بگرێتەوە.

 

ژیری دەستکرد (AI) لقێکە لە زانستی کۆمپیوتەر کە ئامانجی دروستکردنی سیستەم و بەرنامەیەکە بتوانێت هەندێک ئەرکی هاوشێوەی مرۆڤ ئەنجام بدات، وەک فێربوون، شیکردنەوەی زانیاری، چارەسەرکردنی کێشە و بڕیاردان، بنەمای ئەم تەکنەلۆژیایە بۆ دەیەی 1950 دەگەڕێتەوە، بەڵام لە ساڵانی دواییدا بەهۆی پێشکەوتنی زانیاری و هێزی کۆمپیوتەری، خێراتر گەشەی کردووە.