دادگای باڵای تاوانەکانی ناوەندی لە عێراق، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ سێ بازرگانیی ماددەی هۆشبەر دەرکرد کە پێشتر بە تۆمەتی بازرگانیکردن بەم کەرەستە قەدەغەکراوانەوە دەستگیر کرابوون.

 

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی ناوەندی سزای لەسێدارەدانی بەسەر سێ بازرگانیی ماددەی هۆشبەردا سەپاندووە، دوای ئەوەی سەلمێندرا کە دەستیان لە هاوردەکردن و بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا هەبووە. لە کاتی دەستگیرکردنیاندا، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر 140 کیلۆگرام لە ماددەکانی مێسیل ئەمفیتامین و کافاینی هۆشبەردا گرتووە کە ئامادە کرابوون بۆ دابەشکردن لە بازاڕەکاندا.

 

دادگا ڕوونکردنەوەی داوە کە بڕیارەکە پاڵپشت بە یاساکانی ماددەی 27/یەکەم لە یاسای ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکانی ژمارە 50ی ساڵی 2017 دەرچووە، هەروەها بە ئاماژە بە ماددەکانی 47 و 48 و 49 لە یاسای سزادانی عێراقی هاتووە. ئەم بڕیارە دوای تەواوبوونی گشت ڕێکارە یاساییەکان و لێکۆڵینەوە وردەکان لەگەڵ تۆمەتباراندا هاتووە.

 

عێراق لەم ساڵانەی دواییدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی چڕی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر بووەتەوە، بۆیە لایەنە دادوەرییەکان ڕێکارەکانیان دژ بەم دۆسیانە توندتر کردووەتەوە و سزای لەسێدارەدانیان بەسەر دەیان بازرگاندا جێبەجێ کردووە.