ڕاوێژکاری دارایی و ئابووریی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دڵنیایی سەبارەت بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان دا.
ئەمڕۆ مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی و ئابووریی عەلی زەیدی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیا عێراقییەکان ڕایگەیاند، لە ئێستادا مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان مسۆگەرە و لە مەترسیدا نییە، بۆ داهاتووش لەسەر زیاترکردنی داهات وەستاوە.
دەربارەی دابینکردنی مووچە ئاماژەی بەوەش دا، توانای حکوومەت بۆ دەستەبەرکردنی نەوت تەنیا بەندە بە بەردەوامیی ڕۆیشتنی نەوت لە ڕێگەی هورمزەوە، بەڵام نەختینەی بەردەست و داهاتی دیکەی نانەوتی و ئەگەری ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان و بەکارهێنانی ئامرازە داراییە بەردەستەکان ڕۆڵی خۆیان دەبێت لە دابینکردنی پارەی مووچە.
ئەو ڕاوێژکارە گوتی: "قەیرانی بەردەوامیی هورمز وا لە عێراق دەکات پشت ببەستێت بە زیادکردنی ڕێگاکانی هەناردەکردنی جێگرەوە و پەرەپێدانی تواناکانی بۆری کە بتوانێت نەوت بگوازێتەوە دوور لە گەرووەکە."
هاوکات، دواکەوتنی مووچەی بەشێک لە فەرمانبەرانی عێراق زیاتر لە 40 ڕۆژی تێپەڕاندووە، ئەمەش ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە و لە خۆپێشاندانێکی بەرفراوان لە چەند ناوچەیەکی عێراقدا، مووچەخۆران ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای مووچەکانیان دەکرد.