دەستەی دەستپاکی عێراق لە پارێزگای ئەنبار، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ زیاتر لە 30 تۆمەتبار دەردەکات کە هەوڵیان داوە دەست بەسەر دوو زەوی حکومەتدا بگرن، کە نرخەکەیان بە زیاتر لە یەک ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاری گرتن و بانگهێشتکردن بۆ 34 تۆمەتبار دەرچووە کە تێوەگلاون لە ساختەکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان و گۆڕینی خاوەندارێتیی ئەو زەوییانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان. تیمی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆماری خانووبەرە، توانیویانە ڕێگری لە دەستبەسەرداگرتنی دوو زەوی سەر بە وەزارەتی دارایی بکەن کە ڕووبەرەکەیان 40 دۆنمە و کراون بە 336 پارچە زەوی.
تۆمەتبارەکان لە ڕێگەی ساختەکردنی بڕیاری خاوەندارێتییەوە، زەوییەکانیان بە ناوی کۆمەڵەی هەرەوەزیی نیشتەجێبوون لە پارێزگاکە تۆمار کردبوو، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، بەهای دارایی ئەم زەوییانە دەگاتە یەک ملیار و 831 ملیۆن و 500 هەزار دینار، و فەرمانی گرتن بۆ سەرجەم تۆمەتباران کە فەرمانبەری دەوڵەت و هاووڵاتیی ئاسایین جێبەجێ کراوە.
دادوەری لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانی دەستپاکی لە ڕومادی، فەرمانی دەستبەسەرداگرتنی بۆ زەوییەکان دەرکردووە و ڕێگری لە هەر جۆرە مامەڵەیەکی یاسایی پێیانەوە کردووە، هەروەها بڕیاری ڕاگرتنی تۆمەتبارانی بەپێی ماددەکانی 289 و 298 لە یاسای سزادانی عێراقی دەرکردووە.
دەستەی دەستپاکی لە عێراق بەردەوامە لە ئەنجامدانی کەمپینە چڕەکانی دژی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، بە مەبەستی ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی نایاسایی موڵک و ماڵی حکومەت لە سەرانسەری پارێزگاکانی وڵاتەکەدا.