دادگای تاوانەکانی نەجەف، سێ سزای زیندانیکردنی بۆ تۆمەتبارێک دەرکرد کە ناوی نوسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری بەکارهێناوە بۆ وەرگرتنی پارە لە هاووڵاتیان.

 

ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، دادگای تاوانەکانی نەجەف، سێ سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی شەش ساڵ بەسەر تۆمەتبارێکدا سەپاند، کە بە ناسنامەی ساختە ناونیشانی وەزیفی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکارهێناوە.

 

بەگوێرەی ئەو سێ سزایە،  تۆمەتبارەکە بە کۆی گشتی 18 ساڵ زیندانی دەکرێت، کە بۆ هەر سزایەک شەش ساڵ زیندانی دەکرێت.

 

ئەنجوومەنی دادوەری ڕاشیگەیاندووە، تۆمەتبارەکە ئەو پلە و ناونیشانە ساختەیە بۆ داواکردنی پارە لە هاووڵاتیان بەکارهێناوە، کە دەتوانێت ڕێکارە یاساییەکان لەدژی ئەو کەسانە هەڵبوەشێنێتەوە کە بە تۆمەتی گەندەڵی لەلایەن دادگاکانەوە سزادراون .   

 

لە کۆتاییدا ئاماژە بەوەشکراوە، سزاکان بەپێی بڕگەکانی بڕیاری ژمارە 160ی ساڵی 1983 دەرکراون، ئەوەش وەک سزایەک بۆ بەکارهێنانی ناوی دامەزراوە باڵاکانی دەوڵەت بۆ مەبەستی فێڵکردن و وەرگرتنی پارە.