بەرپرسێکی ئەمریکی داواکارییەکی ئێرانی بۆ دانوستان ئاشكرا کرد و جەختیش لە گرینگی فشاری ئابووری دەکاتەوە.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی، مایک واڵتز، باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ئێران زیاتر لە سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دەترسێت نەکە لە پیت هێگسەس، وەزیری جەنگ، چونکە کاتێک شاندی دانوستانکاری ئێران دێنە سەر مێزی گفتوگۆ، "تەنیا قسە لەبارەی پارە، پارە، پارە دەکەن."

مایک واڵتز جەختی کردەوە، ئێران گرنگی بە هێزی سەربازی، ژیانی سەربازەکانیان و تەنانەت گرینگی بە ژیان خەڵکەکەی خۆشیان نادەن، "دوای ئەوەی 40 هەزاریان کۆمەڵکوژ کرد." (لەم ژمارەیە مەبەستی لە کۆمەڵکوژیی خۆپیشاندانە فراوانەکەی سەرەتای ساڵی 2025ـە).

باڵیۆزنی ئەمریکا لە بەریتانیا ئاماژەی بە فشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بەسەر ئێرانەوە کرد و گووتی: "ئەمە ڕژێمێکی گەندەڵکاری توندڕەووی ئایینییە، کە وڵاتاکەی (ئێران) بۆ چەندین دەیە ماڵوێران کردووە، ئەوان داوای پارە دەکەن، داوای ئەو پارەیە دەکەن کە ئێمە سڕمان کردووە، ئەمەش کارتی فشارەکەیە، هەر ئەم کارتەیە کە لە کۆتاییدا ناچاریان دەکات سازش بکەن."

ئەمریکا تا دێت گرینگی زیاتر بە فشاری ئابووری دەدات لە جیاتی فشاری سەربازی، دوێنێش ماڵپه‌ڕی ئاكسیۆس لێدوانێكی نوێی دۆناڵد تره‌مپ، سەرۆکی ئەمریکای بڵاو كرده‌وه‌ و تیایدا هاتووبوو‌، تره‌مپ لە جیاتی فەرماندان به‌ هێرشێکی سەربازیی نوێ، تەرکیزی وڵاتەکەی خستووه‌ته‌ سه‌ر زیادکردنی فشارە ئابوورییەکان بۆ سەر ئێران.

بە‌پێی ئاكسیۆس، سه‌رۆكی ئه‌مریكا ئاماژەی بەوە کردووە، ئێستا لە جیاتی هێرشی گەورە، مامەڵەیەکی هێمنانە لەگەڵ تاران دەکەن و چاودێریی دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە دەکەن. جەختی کردووەتەوە کە ئێران لە دۆخێکی ئابووریی زۆر خراپدایە و هەڵاوسانێکی گەورە ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە.

ئەم جەختکردنە نوێیەی 'فشاری ئابووری' تەنانەت لەلایەن ڕاوێژکارانی باڵای ترەمپ و براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پێشنیار کراوە، چونکە بڕوایان وایە فشاری سەربازی چیتر ئامانجەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە مسۆگەر ناکات.