سەرکردەکانی ئێران هەست دەکەن سەرکەوتن لە دەستیاندایە و گرەو لەسەر کات و ئەگەری ماندووبوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەکەن.

 

ئەمڕۆ ماڵپه‌ڕی ئەسۆشێتد پرێس بڵاوی کردەوە، ئێران گرەو لەسەر ئەوە دەکەن کە فشارە سەربازییەکان لە کۆتاییدا ئەمریکا ناچار دەکات کۆنتڕۆڵی خۆیان بەسەر گەرووی هورمزدا قبوڵ بکەن.

 

هەر لە بڵاوکراوەکەشدا ئاماژە بەوەش دەکەن، ئێران دەزانێت کە ئەمریکا کۆگاکانی چەکی سەرەکی کەم بووەتەوە، بەهۆیەوە شەڕ لای ئەمریکییەکان ناپەسەندە.

 

ئەوەش هاتووە، ئێران دووپاتی دەکاتەوە کە گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ، بەردەوامیش دەبێت لە هێرشکردنە سەر ئەو کەشتییانەی هەوڵی تێپەڕین دەدەن بەبێ مۆڵەتی خۆیان.

 

لە بەرامبەردا، ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆڕناڵ-ی ئەمریکی ئاشکرای کردووە، ترەمپ ئامادەیی نیشان داوە سەرجەم گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران هەڵبگرێت، بەو مەرجەی تاران گەرووی هورمز بە تەواوی بەڕووی هاتوچۆی کەشتیوانیی جیهانیدا بکاتەوە، تەنانەت پێشنیازی درێژکردنەوەی ئاگربەستیشی کردووە.

 

هاوکات، تۆڕی سی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە، ژەنەڕاڵ دان کین سەرۆکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی ئەمریکا، نیگەرانیی توندی خۆی لە بژاردەکانی پەرەسەندنی سەربازیی دەربڕیوە، وتوویەتی، هێرشی ئاسمانیی بە تەنیا ئامانجەکان ناپێکێت و پێویستە ڕێگەیەک بۆ دەرچوون لەم جەنگە بدۆزرێتەوە.