لە پارێزگایەکی عێراق هێزە ئەمنییەکان بەرپرسی فایلەکانی تەرخانکردنی زەوییان دەستگیر کرد، و لە هەڵمەتێکی دیکەشدا زیاتر لە 300 کەسیان بە تۆمەتی جیاجیا دەستگیر کرد.
ئەمڕۆ میدیا عێراقییەکان بڵاویان کردەوە، لە پارێزگای زیقار هێزە ئەمنییەکان ئۆپراسیۆنێکی ئامانجداریان بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسی فایلەکانی تەرخانکردنی زەوی لە ئیدارەی تەندروستیی زیقار ئەنجام دا.
ئاماژە بەوەش دەکەن، ئەو ئۆپراسیۆنە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسە و لە کاتی دەستگیرکردنیشیدا ژمارەیەکی زۆر لە فایلی تەرخانکردنی زەویش دەستی بەسەردا گیراوە کە بەنیاز بووە لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە بیگوازێتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، لە بەغدا هێزە ئەمنییەکان 318 کەسیان بە تۆمەتی سەرخۆشبوون، سواڵکردن، و سەرپێچیکارانی ڕێساکانی نیشتەجێبوون دەستگیر کرد.
بهپێی میدیا عێراقییەکان بێت، لە ئۆپراسیۆنە ئەمنییەکەدا 222 کەس بە تۆمەتی سەرخۆشیی گشتی، و 50 سواڵکەر، و 46 سەرپێچیکاری ڕێساکانی نیشتەجێبوون کە بە ڕەگەز عەرەب و بیانین، دەستگیر کراون.