قائیمقامیەتی سۆران پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتکراوی ڕێکخستەوە و سیستەمی تاک و جووت جێبەجێ دەکرێت، هاوکات وەستان لە بەرامبەر دەرگای ماڵانیش تووشی سزای پێبژاردنت دەکرێت.
ئەمڕۆ قائیمقامیەتی قەزای سۆران بڵاویکردەوە، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان، پۆلیسی هاتووچۆ، پۆلیسی ناوشار، ئاسایش و پۆلیسی فریاکەوتن، زنجیرەیەک بڕیار بۆ پرۆسەی دابەشکردنی بەنزین دەرچوون.
بەپێی بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە، تاوەکو 16ـی 8ـی 2026 پێویستە بەنزینخانەکان لە یەک کاتدا بەنزین بە لایەنی کەم بە 8 ئۆتۆمبێل دابەش بکەن، هەروەها سیستەمی تاک و جووت پەیڕەو دەکرێت، بەجۆرێک ژمارەی تاک لە ڕۆژانی (یەکشەممە، سێشەممە، پێنجشەممە) و ژمارەی جووت لە ڕۆژانی دیکەدا بەنزین وەردەگرن.
قائیمقامیەتی قەزای سۆران ئاماژەی بەوە دا، بڕی بەنزینی دیاریکراو بۆ تابلۆی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان (هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە) 40 لیتر و بۆ تابلۆکانی دیکە 30 لیتر دەبێت.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران جەختی لەوە کردەوە، گرتنی نۆرەی دووبارە، سوورەبڕین، گرتنی شوێن بۆ کەسانی دیکە و ڕاوەستان لە بەرامبەر دەرگای ماڵی هاووڵاتییان بە تەواوی قەدەغەیە و سەرپێچیکاران سزای پێبژاردنیان بەسەردا دەسەپێنرێت.
لە کۆتایی دا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سۆران داوا لە هاووڵاتییان دەکات، لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەکدا پەیوەندی بە ژمارە 07501001041 بکەن.