لە چوارچێوەی پرۆژەی سوود پڵەسدا، هەڵگرانی پێناسی زانکۆی سەڵاحەدین و کەسوکاریان لە 15 نەخۆشخانە، تاقیگە و دەرمانخانە لە داشکاندنی تایبەتی تەندروستی تاوەکو ڕێژەی 50٪ سوودمەند دەبن.

 

ئەمڕۆ سامان عەبدوڵڵا، بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتیی زانكۆی سەڵاحەدین بە پایتەخت میدیای ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆژەی سوود پڵەسدا، ئەو کەسانەی هەڵگری پێناسی زانکۆکەن لەگەڵ کەسوکاریان، لە ژمارەیەک نەخۆشخانە، تاقیگە و دەرمانخانە داشکاندنیان بە ڕێژەی 20٪ بۆ 50٪ بۆ دەکرێت.

 

سامان عەبدوڵڵا باسی لەوە کرد، ئامانج لەم پرۆژەیە کەمکردنەوەی بارگرانییە لەسەر شانی خاوەن پێناسەکان، بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەم، کامەران یونس، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین، لەگەڵ 15 نەخۆشخانە، تاقیگە، دەرمانخانە و سەنتەری پزیشکی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی واژۆ کردووە.

 

بەرپرسی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتیی زانكۆی سەڵاحەدین ڕوونیکردەوە، بڕیارە لە قۆناغی دووەمدا پرۆژەکە کڕینی کەلوپەلی مۆڵەکان، هۆڵەکانی لەشجوانی، سەنتەرەکانی جوانکاری و ڕێستۆرانتەکانیش بگرێتەوە.