ئێوارەی ئەمڕۆ قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ، ڕوونکردنەوەیەکی پڕ لە نەفەسی سیاسیی و نابەرپرسانەی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە بەدواداچوونێکی دەزگای میدیایی پایتەخت لە چەمچەماڵ ناڕاستە، لە کاتێکدا زیاتر لە 50 هاووڵاتیی چەمچەماڵ لە هەمان ئەو شوێنە گردبوونەتەوە و ئەوان، لە رێگەی مایکی پایتەختەوە گلەیی خۆیان گەیاندە لایەنە پەیوەندیدارەکان، کەچی لە جیاتی بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کێشەکە، قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ هاتووە وەڵامی پایتەخت دەداتەوە و ئەو بابەتە بە ناڕاست ناو دەبات!

 

ئەو ڕوونکردنەوەی قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ بڵاویکردووەتەوە، پڕە لە زمانی تۆمەت، زمانێک کە لە جیاتی ئەوەی بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی قەزای چەمچەماڵ بەکاربهێندرێت، ئەوان بۆ بەرگریکردن لەو کۆمپانیایە بەکاری دەهێنن کە لەسەر زەوی و موڵکی ئەو هاووڵاتییانە دانراوە. سەرەڕای ئەوەش بەشی کۆمێنتی پۆستەکەیان داخستووە نەوەک هاووڵاتییان وەڵامیان بدەنەوە.

 

ئێمە لە پایتەخت میدیا، چاوەڕوانمان دەکرد قایمقام و قایمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ، لە دوای ئەو بەدواداچوونەی پایتەخت میدیا، بەدەنگ ئەو هاووڵاتییانەوە بێن و بە یاسایی کێشەکەیان بۆ چارەسەر بکەن، کەچی ئەوان بە ڕوونکردنەوەیەک، پشتیان لە هاووڵاتییانی قەزاکە کرد و کار بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان دەکەن.

 

ئێمە لێرەوە بە هەموو خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین، پایتەخت میدیا لە بەرەی خەڵکە، لە کوێ خەڵک کێشەی هەبێت، مایکی پایتەخت لەوێ دەبێت، ئینجا ئەو کێشەیە لە هەولێر یان سلێمانی، لە دهۆک یان لە هەڵەبجە و کەرکووک بێت.


کێشەکە چی بوو؟ 

 

رۆژی پێنج شەممە، کۆمەڵێک هاووڵاتیی قەزای چەمچەماڵ، لەسەر  زەوییەکانی خۆیان گردبوونەوە، داوایان لە میدیاکان کرد بۆ گەیاندنی دەنگیان لەو شوێنە ئامادە بن، پایتەخت میدیا جیاواز لە کەناڵەکانی دیکە بە دەنگ ئەو هاووڵاتییانەوە چوو و پەیامی ئەوانی وەکو خۆی گەیاند، دەتوانن لە کۆتایی ئەم ڕوونکردنەوەیە سەیری بابەتەکان بکەن.

 

بە گوتەی ئەو هاووڵاتییانە، کەسوکاری ئەوان بەهۆی داواکردنی مافی کەسی خۆیان دەستگیرکراون، لە کاتێکدا ئەو کۆمپانیایە لەسەر زەوییەکانی ئەوان دامەزراوە.

 

ئێمە لە پایتەخت میدیا، تەنها پەیامی ئەو خەڵکەمان وەکو خۆی بڵاوکردووەتەوە. ئێمە خەڵکمان کۆ نەکردووەتەوە، ئیتر نازانین چەواشەکاری پایتەخت لە کوێیە؟!

 

پەیامێک لە پایتەختەوە بۆ هەموو کوردستان

 

ئێمە لە پایتەخت میدیا دەبینە داکۆکیکار لە مافەکانی تەواوی خەڵکی کوردستان، ئەگەر بەرگریکردن لە مافی خەڵک و گەیاندنی ڕاستی و دەنگی خەڵکی کوردستان چەواشەکاری بێت، ئێمە ئەو چەواشەکارییە بە شانازییەوە هەڵدەبژێرین، نەک لە پێناو بەرژەوەندی شەخسی و تایبەت، دەنگی هاووڵاتییان کپ بکەین و ڕاستییەکان بشارینەوە.

 

ڤیدیۆی یەکەم

ڤیدیۆی دووەم

ڤیدیۆی سێیەم