لە چوارچێوەی هەڵوەشاندنەوەی کارەکانی کۆڕەک تیلیکۆم، دەستەی پەیوەندییەکانی عێراق جگە لە بڕیاری کوژاندنەوەی تۆڕەکە، بەرپرسیارێتیی پاراستنی تاوەر و ئامێرەکانی خستە سەر خاوەن باڵەخانە و زەوییەکان.

 

ئەمڕۆ دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە، بەهۆی کۆتایی هاتنی گرێبەستی کۆڕەک تیلیکۆم و پابەندنەبوونی بە مەرجە یاسایی و داراییەکان، بڕیاریان داوە دەست بەسەر تەواوی موڵک و سامانە گوازراوە و نەگوازراوەکانی کۆمپانیاکەدا بگرن.

 

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرقاڵی تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانن بۆ ڕاگرتنی تەواوەتی تۆڕەکە، هاوکات داوا لە بەشداربووان کراوە باڵانس پڕ نەکەنەوە تاوەکو تووشی زیانی دارایی نەبن، بەڵام سیمکارتەکانیان لای خۆیان بپارێزن.

 

 لە بەشێکی دیکەدا بەیاننامەی دەستەکە هۆشداری دراوەتە کارمەندانی کۆمپانیاکە، لەبارەی پاراستنی داتای بەشداربووان و بە خاوەن زەوی و باڵەخانەکانیش ڕاگەیەندراوە ڕێگە بە گواستنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی تاوەرەکانی کۆڕەک نەدەن.