وەزیری دەرەوەی ئێران لە نوێترین لێدوانیدا مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا و ڕێککەوتنەکەشی لەگەڵ عومان ئاشکرا دەکات.


ئەمڕۆ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاند هەرچەندە هەوڵەکان بۆ دروستکردنی زەمینەی گفتوگۆ بەردەوامن، بەڵام تاوەکو ئەمریکا قەرەبووی پێشێلکارییەکان نەکاتەوە، ئەوا هیچ دانوستانێک ناکەین.


ئاماژەی بەوەش کردووە، نێوەندگیرەکان لە هەوڵی بەردەوامدان و پەیامەکانیش سەبارەت بە دۆخی گەرووی هورمز لە ڕێگەی نێوەندگیرانەوە ئاڵوگۆڕ دەکرێن، بەڵام هەڵوێستی تاران ڕوونە؛ تا ئەو کاتەی پێشێلکارییەکانی ئەمریکا بۆ سەر یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کۆتایی پێ نەهێنرێت، ئەوا دانوستانەکان کارا نابێتەوە.


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا عێراقچی دەربارەی عومان دەڵێت: دانوستانەکان بۆ دیاریکردنی ڕێڕەوێکی نوێی دەریایی لە گەرووی هورمز گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی، بەڵام ئەمە بە مانای کردنەوەی گەرووەکە نایەت.


ئەو لێدوانانە دوای ئەوە هاتن کە ئەمریکا چەندین جار ئاماژەی بەوە دابوو کە ڕەنگە ڕێککەوتنێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز لە ئارادا بێت.