وەزارەتی جەنگی ئەمریکا ( پێنتاگۆن)، بە فەرمی داوای لە کۆمپانیاکانی پیشەسازیی سەربازی کردووە پڕۆسەی دابینکردنی چەک و تەقەمەنی خێرا بکەن، بۆ ئەمەش مۆڵەتیان بۆ دیاریدەکات.
ڕۆژنامەی "واشنتۆن پۆست" بڵاویکردەوە، ستیڤ فینبێرگ، جێگری وەزیری جەنگ داوای لە کۆمپانیاکان کردووە تا پلانێکی تۆکمە بۆ خێراکردنی بەرهەمهێنانی مووشەکە ستراتیژییەکانی وەک (پاتریۆت و ثاد) پێشکەش بکەن، بۆ ئەمەش مۆڵەتی 21 ڕۆژی دیاریکردووە.
جێگری وەزیری جەنگ ئاماژەی بەوەشداوە، پێنتاگۆن چیتر چاوەڕێی پڕۆسەی پەرەپێدانی چەند ساڵە ناکات، دەبێت وەڵامدانەوەکان بۆ پێداویستییە سەربازییەکان خێرا بێت.
فشارەکانی پێنتاگۆن دوای ئەوە دێت، لە ڕاپۆرتێکدا ''نیویۆرک تایمز'' لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمریکییەوە ئاماژەی بەوەکردوە، دەستپێکردنی ئاڵۆزییەکان لەگەڵ ئێران، ترەمپ وا پێشبینی دەکرد بە خێرایی کۆتایی بێت، بەڵام سەرۆکی هێزە چەکدارەکان پێشتر ئاگاداریی کردبوویەوە لەسەر کەمی زەخیرەکان.
هەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، ئەمریکا بەهۆی بەکارهێنانی زۆری پێداویستییە سەربازییەکان لە جەنگی ئێراندا، هەندێک لە پاشەکەوتە سەربازییەکانی تایبەت بە ئەوروپا و ئاسیا دەکێشێتەوە، ئەمەش وای کردووە مەترسی لەسەر سەربازە ئەمریکییەکانی ئەم ناوچانە دروست ببێت، چونکە ڕووسیا و چین بە وردی چاودێریی کۆگاکانی چەکی ئەمریکا دەکەن.