لەلایەک ئەمریکا هەوڵی ڕێککەوتن و هێورکردنەوەی دۆخەکە دەدات، ئیسرائیل هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنێکی دیکە دژی ئێران دەکات.

کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کردووە، سوپای ئیسرائیل پلانی بۆ زنجیرەیەک هێرش دژی ئێران بەبێ یارمەتی و هاوئاهەنگی ئەمریکا ئامادە کردووە، ئەمەش ئەگەر بێت و ئەمریکا لە هەوڵی هێورکردنەوەی دۆخەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوام بێت و دواتر لە جەنگەکە بێتە دەرەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی کەناڵی 13ـی ئیسرائیلی، ئیسرائیل بەم ڕێکارانەی هەوڵ دەدات بیسەلمێنێت کە هێشتا توانای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی گەورەی دژی ئێران هەیە و لە فشارەکانی بەردەوام دەبێت، سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتن و کردنەوەی گەرووی هورمز.

ئەمە لە کاتێکدایە، ماوەیەکە بەرپرسانی سوپا و ڕاوێژکارانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیاری هاتنە دەرەوە لە جەنگەکە لەگەڵ ئیران دەکەن، ئەمەش بەهۆکاری کەمبوونەوەی یەدەگی سەربازی، بەتایبەتی مووشەکەکانی سیستەمی بەرگری (پاتریۆت) و سنوورداریی هێرشی ئاسمانی لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان لە گەرووی هورمز.

ئەم جیاوازییەی هەڵوێستی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای دەستپێکی جەنگەکە لە 28-2-2026، لەو کاتەوە لە میدیاکان دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە کە ئەمریکا "بەناچاری و لەبەر خاتری ئیسرائیل پەلکێشی جەنگەکە کراوە"، بۆیە بەشێکی زۆری بەرپرسانی ئەمریکاش دژی وەستانەوە.

پێشووتریش کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە هەواڵی لێکترازانی پەیوەندییەکانی نێوان ترەمپ و نەتەنیاهوی لەسەر جیاوازی ڕاوبۆچوون لەبارەی جەنگەکە لەگەڵ ئێران بڵاوکردەوە، بەڵام هەردوولا ئەم دەنگۆیانەیان ڕەت کردەوە و جەختیان لە تووندووتۆڵی پەیوەندی نێوانیان کردەوە.

لە ئێستادا بە گوتەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەوان لەگەڵ عومان لە ڕێککەوتن لەسەر کردنەوەی ڕێڕەوێکی نوێی هاتووچۆ لە گەرووی هورمز "زۆر نزیکن"، بەڵام جەختی کردەوە مەرجی کردنەوەی گەرووی هورمز پەیوەستە بە قەرەبووکردنەوەی پێشێلکردنی 'لێکتێگەیشتنی ئیسلائامئاباد' لەلایەن ئەمریکاوە.