بۆ بنبڕکردنی دیاردەی نۆرەگرتنی ناڕەوا و قۆرخکاری، قایمقامیەتی دهۆک بڕیاری دیجیتاڵکردنی نۆرەی بەنزینی دا و دانانی هەر جۆرە کەرەستەیەکی لەسەر شەقامەکان قەدەغە دەکات.

 

ئەمڕۆ قایمقامیەتی قەزای دهۆک بە سەرپەرشتی بریندار حەیدەر، قایمقامی قەزای دهۆک، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانیزاکان و بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای دهۆک، کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە ڕەوشی بەنزین و بەرزبوونەوەی نرخەکەی ئەنجام درا. 

 

لە کۆبوونەوەکەی قایمقامیەتی قەزای دهۆک بڕیار درا سیستەمی نۆرەی وەرگرتنی بەنزین دیجیتاڵی جێبەجێ بکرێت، بەجۆرێک ئۆتۆمبێلی کرێ (تەکسی) 3 ڕۆژ جارێک و ئۆتۆمبێلەکانی دیکە 5 ڕۆژ جارێک مافی وەرگرتنی بەنزینی حکومییان دەبێت.

 

بەپێی بڕیاری قایمقامیەتی قەزای دهۆک، فرۆشتنی بەنزینی بازرگانی لە کاتی دابەشکردنی بەنزینی حکومیدا و دانانی کەرەستە لەسەر شەقامەکان بۆ نۆرەگرتن قەدەغە کرا، هەروەها داوا لە هاووڵاتییان کرا لە کاتی بینینی سەرپێچیدا پەیوەندی بە ژمارەی سکاڵاوە بکەن کە لە بەنزینخانەکاندا هەڵواسراوە.