سەرۆکی ئەنجومەنی فەتوا لەسەر گرانی بازاڕ و قۆرخکاری هاتە دەنگ، گرانکردنی نرخەکان بە حەرام و خیانەت دەزانیت و داوای کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان دەکات.

 

ئەمڕۆ د. حەسەن موفتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای فەتوای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هەموو جۆرە قۆرخکاری و گرانکردنێکی نرخی کاڵا و پێداویستییە ڕۆژانەیییەکانی خەڵک و فرۆشتنیان لەسەرووی نرخی ئاسایی، کارێکی نادروست و بێ‌ویژدانییە. 

 

د. حەسەن موفتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەرچی لە کاتی ئاساییدا و بەپێی ڕای زۆربەی مەزهەبەکان دیاریکردنی نرخ لە ئیسلامدا نەکراوە، بەڵام لە کاتی قەیران و گرانیدا بەپێی ڕای حەنەفییەکان دروستە نرخەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە دیاری بکرێن تاوەکو ڕێگری لە قۆرەخکاری بازاڕ بکرێت.

 

 سەرۆکی ئەنجوەمەنی فەتوا جەختی کردەوە، هەر ڕێگرییەک لە هاوردەکردنی سووتەمەنیی باش بۆ هەرێم ڕوو بدات، بە هەموو جۆرێک حەرامە و خیانەتی گەورەیە لە خەڵک، بۆیە ئەرکی سەرشانی حکومەت و مامۆستایانی ئایینییە کە هاوکار و هاندەر ببن بۆ کەمکردنەوەی باری سەرشانی هاووڵاتییان.