لوبنان و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی ئەمریکا بۆ چاودێریکردنی 'داماڵینی چەک'ی حیزبوڵا ڕێکەوتن.

 

ئه‌مڕۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند، هەردوولا لە دوایین خولی دانوستانەکان لە ڕۆمادا گەیشتوونەتە ڕێکەوتن لەسەر لیستی ئەو وڵاتانەی کە دەتوانرێت هێزیان بۆ بنێردرێت بۆ پشتڕاستکردنەوەی چەکداماڵینی حیزبوڵا، ئەمەش بە نێوەندگیریی ئەمریکا دەبێت.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، بڕیاری کۆتایی لەسەر وڵاتانی بەشدار لە ئەستۆی ئەمریکایە و دەتوانێت وڵاتێک یان چەند وڵاتێک هەڵبژێرێت، بەڵام ئەمریکا و ئیسرائیل فەرەنسایان لە لیستەکە دەرکرد.

 

لە ڕێکەوتنەکەدا هاتووە، هێزەکانی ئیسرائیل لەو ناوچانەدا بکشێنەوە کە لە باشووری لوبناندا داگیریان کردووە، بەڵام لەسەر دیاریکردنی ئەو ناوچانە نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتنی کۆتایی.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ جۆزێف عەون، سەرۆکی لوبنان ڕایگەیاندبوو، دانوستانەکان لە چەند پرسێکدا پێشکەوتنی ئەرێنییان بەخۆیانەوە بینیوە؛ لەوانە ئاگربەست، ڕاگرتنی ڕووخاندن، دیاریکردنی سنوورەکان، گەڕانەوەی دیلەکان و دیاریکردنی ناوچە تاقیکارییەکان.