ئەمریکا وردە وردە لە فشاری سەربازی دژی ئێران بێ هیوا دەبێت و ڕاوێژکارانی ترەمپ و سوپاسالاری وڵاتەکە، پێشنیاری هاتنە دەرەوە لە جەنگەکە دەکەن.
کەناڵی سی ئێن ئێن لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارە ئاشكرای کردووە، ماوە چەندین هەفتەیە جەنەراڵ دان کەین، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا داوای لە ڕاوێژکارە باڵاکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کردووە، تا زووە لە جەنگەکەی ئێران بێنە دەرەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵی سی ئێن ئێن، جەنەراڵ دان کەین هۆشداری داوە لەوەی بەکارهێنانی ئەو هێزە سەربازییەی کە ئێستا لەبەردەستە، کاردانەوەی بەدوادا دێت و هێزی ئاسمانیش بە تەنیا ناتوانێت ئامانجەکانی ترەمپ لە جەنگەکە مسۆگەر بکات.
کەناڵی سی ئێن ئێن ئاماژەی بەوە کردووە، کە هاتنە دەرەوە لە جەنگەکەی ئێران تەنیا ڕاو و بۆچوونی سەرۆک ئەرکانی سوپا نییە، بەڵکو ناوبراو هەمان بابەتی لەگەڵ هەر یەک لە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و جۆن ڕاتکلیف، بەڕێوەبەری سی ئای ئەی تاوتوێ کردووە.
سوپاسالاری ئەمریکا لە ماوەکانی ڕابردوودا لەگەڵ هەندێک لەو ڕاوێژکارە سەرەکی و هاوفکرانەی ترمپ کۆبوویەوە، ئەویش بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ هەماهەنگی نێوان دەزگاکان و دڵنیابوونەوە لەوەی کە لەسەر هەمان ئاراستەن پێش ئەنجامدانی کۆبوونەوەکان لەگەڵ ترەمپ، بەپێی سەرچاوەکان، ئامانجەکە بۆ دڵنیابوونەوە بووە لە سنوورداریی، کێشە و مەترسییەکانی بژاردە سەربازییە بەردەستەکان، بەو بژاردە سەربازییانەشەوە کە پێویستیان بە ناردنی هێزی زەمینی ئەمریکی نابێت بۆ ئێران.
لە کۆتایی مانگی ڕابردوو، پێگەی هەواڵی ئەکسیۆس ئاشكرای کردبوو، براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) پێشنیاری کردووە هێرشەکانی هێزەکانیان لە دەورووبەری گەرووی هورمز ڕابگرن، چونکە ئۆپەراسیۆنەکە گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی و دەستەکەوتەکانیان لە گەرووی هورمز بە زەبری هێز (بەتایبەتی هێرشی ئاسمانی) سنووردارە، لە ئێستاشدا کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەماوە.
دوای بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، ترەمپ وەستاندنی گورزێکی بەهێزی بۆ سەر ئێران ڕاگەیاند، کە بە گوتەی خۆی، لەلایەن ئێران و وڵاتانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوای لێ کراوە هێرشەکان بووەستێنن بۆ جێبەجێکردنی چوارچێوەی رێککەوتنێک.