ئەمریکا پێشبینی دەکات کە ڕێکەوتنی نێوان عومان و ئێران دەربارەی گەرووی هورمز ئەنجام بدرێت.

 

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکەوە کە ناوی نەهێنراوە بڵاوی کردەوە، ئەمریکا گەشبینە بە ئەنجامدانی ڕێکەوتن لەنێوان عومان و ئێران لەسەر گەرووی هورمز، دوای ڕێکەوتنەکەش گەمارۆکانی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵدەگرێت.

 

ڕوونیشی کردەوە، هەر ڕێکەوتنێک لەسەر دەستپێکردنەوەی کەشتییە بازرگانییەکان بێبەربەست ڕاگەیەنرا، ئەوا واشنتۆن کۆتایی بە گەمارۆی دەریایی خۆی بۆ سەر ئێران دەهێنێت.

 

لێدوانی ئەم بەرپرسە لە چوارچێوەی زنجیرەیەک دڵنیایی ئەمریکادا دێت بە نزیکبوونەوەی ڕێکەوتن لەنێوان ئەمریکا، ئێران و عومان سەبارەت بە ئاگربەست و چارەسەرکردنی قەیرانی داخستنی گەرووی هورمز.

 

لە لایەکی دیکەوە، سکۆت بیسنێت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕایگەیاند، 'ئەمڕۆ یان سبەی' ڕێکەوتنێک دەکرێت و ئاگربەستیش لەخۆدەگرێت کە لەنێوان 30 بۆ 60 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ئەم قۆناغەش دەبێتە هۆی کردنەوەی گەرووی هورمز.