لە وەڵامی هەڕەشە ئەمنییەکانی ناوچەکە، تورکیا، سعودیە و پاکستان "ڕێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش"یان واژۆ کرد، بەپێی بەندەکانی، هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر یەکێک لەم وڵاتانە وەک پەلامار بۆ سەر هەرسێکیان ئەژمار دەکرێت.
ئەمڕۆ میدیاکانی سعوودیە و پاکستان بڵاویانکردەوە، هاوپەیمانییە سەربازییە نوێیەکە لە شاری جەددە و لەلایەن محەممەد بن سەلمان، جێنشینی سعودیە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستانەوە واژۆ کراوە و ناو نراوە "ڕێککەوتننامەی مەککە بۆ بەرگریی هاوبەش".
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەنگاوە ستراتیژییەی سێ جەمسەرە بەهێزەکەی جیهانی ئیسلامی، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاڵۆزییە ئەمنییانەیە کە بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل تەواوی ناوچەکەی گرتووەتەوە و هاوسەنگییە ئەمنییەکانی هەژاندووە.
هاوكات، بڕیاری بەستنی ئەم پەیماننامەیە هاوشانە لەگەڵ نوێبوونەوەی ئاڵۆزییەکان لەسەر سنوورەکانی باشووری شانشینی سعودیە، دوای ئەوەی لە ئەنجامی هێرشێکی مووشەکیی حوسییەکانی یەمەن بۆ سەر خاکی سعوودیە، 11 کەس بریندار بوون.