دوای ئەوەی دادگا شەڕی عەشایەری خستە خانەی تاوانی تیرۆرەوە، ئاماری پێکدادانە خێڵەکییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، هەنگاوێک کە ڕێگەی بۆ حکومەت خۆش کردوووە تا لە ڕێگەی یاساوە کۆنترۆڵی چەکی بێمۆڵەت بکات.

ئەمڕۆ فەریق سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ڕایگەیاند، سیاسەتی نیشتمانی بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، ئەرکێکە بەپێی بڕیاری ژمارە 21ـی ساڵی 2018ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی پەسند کراوە، ئامانجی ئەم بەڵگەنامە حکومییە کۆنترۆڵکردنی چەک، ڕێکخستنی مۆڵەتەکان، بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیی نایاسایی چەک و کەمکردنەوەی بڵاوبوونەوەیەتی لەناو کۆمەڵگەدا.

سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی جەختیی کردەوە، حکومەت لەم هەنگاوەدا بەردەوامە، چونکە پڕۆژەکە دەبێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی کۆمەڵایەتی، زیادکردنی متمانە بە دامەزراوەکان، پاراستنی شکۆی دەوڵەت و دابینکردنی ژینگەیەکی سەقامگیر بۆ وەبەرهێنان و ئابووری.

فەریق سەعد مەعن ڕوونیکردەوە، لێژنەی ئەمنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ بەردەوامە لە کردنەوەی نووسینگەکانی تۆمارکردنی چەک، سەبارەت بە لایەنی دەستووریش گوتی: "بەپێی ماددەی 9ـی دەستووری عێراق، دروستکردنی هەر پێکهاتەیەکی سەربازی لە دەرەوەی چوارچێوەی هێزە چەکدارەکان قەدەغەیە."

سەرۆکی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی ئاماژەی بەوە دا، یاسای چەکی ژمارە 51ـی ساڵی 2017 و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969، سزای توندیان بۆ ئەو تاوانانە داناوە کە چەکیان تێدا بەکاردەهێنرێت.

سەبارەت بە پرسی تەقەی عەشایەری فەریق سەعد مەعن دووپاتی کردەوە، بەهۆی بڕیاری دادگا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دیاردەیە وەک تاوانێکی تیرۆریستی، ئامارەکانی شەڕ و پەلاماری عەشایەری بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیون و لە زۆربەی پارێزگاکان بەرەو نەمان چوون.