یانەی وەرزشیی هەولێر ڕووبەڕووی قەیرانێکی نوێی دارایی بووەتەوە و یاریزانانی تیپی یەکەمی تۆپی پێ هۆشداریی کۆتایی دەدەنە دەستەی کارگێڕیی یانەکە.

 

ئه‌مڕۆ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ پایتەخت سپۆرتی ڕاگه‌یاند، ئەمڕۆ وەک دوایین مۆڵەت بۆ ئیدارەی یانەی هەولێر دیاری کراوە بۆ ئەوەی پێشەکیی گرێبەستی یاریزانەکان دابین بکات.

 

یاریزانان جەختیان کردووەتەوە کە لە حاڵەتی نەدانی شایستە داراییەکانیان، بڕیاری بەکۆمەڵ دەدەن و مەشق و ڕاهێنانەکانی تیپەکە بایکۆت دەکەن.

 

سەرچاوەیەکی نزیک لە یانەکە ئاشکرای کرد، تاوەکوو ئێستا کارگێڕیی یانەکە نەیتوانیوە بەڵێنەکانی بەرامبەر یاریزانان جێبەجێ بکات، ئەمەش ناڕەزایەتییەکی زۆری لەناو ڕیزەکانی تیپەکەدا دروست کردووە، بە تایبەت لە کاتێکدا تیپەکە لە قۆناغێکی هەستیاری ڕکابەرییەکاندا گوزەر دەکات.

 

به‌پێی زانیارییه‌كانی پایته‌خت سپۆرت، دەقی بڕیاری یاریزانان به‌م شێوه‌یه‌یه‌: "ئەگەر تا کۆتاییی ئەمڕۆ شایستە داراییەکانمان پێ نەدرێت، هەر ئەمڕۆ ئامادەی مەشق و ڕاهێنانەکان نابین و بایکۆتی سەرجەم چالاکییەکانی تیپەکە دەکەین."

 

ئەم ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە کە جەماوەری یانەی هەولێر بەپەرۆشەوە چاوەڕێی ئارام بوونەوەی ڕەوشی یانەکەیان دەکەن، بەڵام جێبەجێ نه‌کردنی ئەرکە داراییەکان مەترسی لەسەر بەردەوامی و ئامادەکارییەکانی تیپەکە دەکات بۆ وەرزی نوێ.