عەباس عێراقچی: دەبێت ئێران قەرەبوو بکرێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران داوای قەرەبووکردنەوە لە ئەمریکا دەکات
لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران ئەنجامیاندا، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای قەرەبووکردنەوە دەکات.
ئەمڕۆ پێنج شەممە، عەباس عێراقچی بە ڕۆژنامەی فاینانشڵ تایمز گووت، دەبێت ئەمریکا ڕوونی بکاتەوە بۆچی ئەوان لە نێوەڕاستی گفتوگۆ و دانووستاندنەکان هێرشیان کردە سەرمان و دەبێت دڵنیایی بدەن لەوەی هەرگیز ئەم کارە دووبارە ناکەنەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا، عێراقچی دووپاتی کردەوە، لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایە، ڕەزامەندی دەرببڕێت لەسەر قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی ئێران لە جەنگی 12 ڕۆژەی لەگەڵ ئیسرائیل بەری کەوتووە، بەڵام ئاماژەی بە وردەکاری و ڕێژەی قەرەبووکردنەوەکە نەدا.
ئەم قسانەی وەزیری دەرەوەی ئێران لەچوارچێوەی تووندکردنی هەڵوێستەکانی و سەپاندنی مەرجی نوێیە، کە نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەمەریکا گەورەترین پاکێجی سزای بەسەر ئێراندا سەپاند، تێیدا 12 کەسایەتی، زیاتر لە 70 دامەزراوە و 62 کەشتی ئێران و هاوکاری ئەو وڵاتەیان خستووەتە لیستی سزاکانەوە.