لە ماوەی 30 رۆژدا بە 14 درۆن هێرشکراوەتە سەر هەرێمی کوردستان

لە ماوەی هەر دوو رۆژ جارێک هێرشێکی درۆنی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان
لە ماوەی 30 رۆژی رابردوودا، لە رێگەی 14 درۆن هێرشکراوەتە سەر چەندین ناوچەی جیاوازی هەرێمی کوردستان و کێڵگە نەوتییەکان، فرۆکەخانە و سەنگەرەکانی پێشمەرگە بە ئامانج گیراون، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت کە ناسنامەی هێرشکارانی دەستنیشانکردووە.
بەپێی بەدواداچوونێکی پایتەخت میدیا، دەرکەوتووە لە یەکی ئەم مانگەوە تاوەکو ئەمڕۆ، 14 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر چەندین ناوچەی جیاواز و ستراتیژی هەرێمی کوردستان، کە کێڵگە نەوتییەکان، فرۆکەخانە، سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە و چەندین ناوچەی دیکە لە خۆ دەگرن.
سەرەتای ئەو هێرشە یەک لە دوای یەکانە بۆ یەکی ئەم مانگە دەگەڕێتەوە، کاتێک درۆنێک لە ناحیەی دەرکاری سەر بە ئیدارەی زاخۆ کەوتە خوارەوە و دواین درۆنیش، ئەمڕۆ لە نزیک گوندی دووگردکانی مەخموور کەوتە خوارەوە.
لەو هێڕشە درۆنییانە، زۆرترین زیان بەر کێڵگە نەوتییەکان کەوتووە و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی گەیاندە خوار 80 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا، لە کاتێک پێشتر توانای بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان لە سەرووی 250 بەرمیل لە رۆژێکدا بوو.
کێڵگە نەوتییەکانی دی ئێن ئۆ، هاند ئۆیەل و خورمەڵە لەگەڵ فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، دیارتریرن ئەو شوێنانەن کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانی زیانی ماددیان کردووە و تاوەکو ئێستا کارکردن لە بەشێک لەو کێڵگانە بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، لێکۆڵینەوەیان دەستپێکردووە بۆ ئاشکرا کردنی شوێنی هێرش و ناسنامەی هێرشکارەکان و بەپێی زانیارییەکان، ناسنامەی هێرشکارەکان ئاشکرا بووە و لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێت.