حکومەتی هەرێم هۆشداری بە بەغدا دەدات

حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند ئەرکەکانی خۆی لە بەرامبەر بەغدا جێبەجێکردووە و چاوەڕوانی بەغدایە بۆ ناردنی مووچە
حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی ئەرکەکانی سەر شانی خۆی بۆ ناردنی مووچەی مانگی شەش جێبەجێکرد و داوا لە حکومەتی فیدڕاڵی دەکات، پابەندی رێککەوتنەکەی نێوانیان بێت و دەست بە ناردنی مووچەی مانگی شەش بکات.
ئەمڕۆ چوار شەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکە دا، گفتوگۆ لەسەر سێ بابەتی پەیوەست بە نەوت و مووچە کراوە دوای کۆبوونەوەکە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە تەواوی ئەرکەکانی خۆیان ئەنجامداوە و ئێستا نۆرەی بەغدایە ئەرکەکانی خۆی ئەنجام بدات و مووچەی مانگی شەش ڕەوانە بکات.
لە ڕاگەیاندراوەی دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم دا هاتووە، حکومەتی هەرێم لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی شەشی ڕادەستی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ کردووە و ئێستا ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە، لە بەرامبەردا مووچەی مانگی شەش و شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم خەرج بکات.
لەبارەی ڕادەستکردنی نەتەوە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە کە ئەو بڕە نەوتەی بەرهەم دەهێنرێت ئامادەیە بۆ هەناردەکردن و ڕادەستکردنی بە کۆمپانیای سۆمۆ، هەروەها ئاماژەش بەوەکراوە، بەپێی رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ، حکومەتی هەرێم تێچووی بەرهەمهێنانی پێداویستی ناوخۆی نەوت لە ئەستۆ دەگرێت.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمدا هاتووە، حکومەتی هەرێم بەردەوامە لە پابەندبوونی بە لەیەکترتێگەیشتنەکەی لەگەڵ بەغدا و ئێستا لەسەر بەغدا پێویستە، پابەند بێت بەناردنی مووچەی مانگی شەش و دواتریش مووچەی مانگی تەمووز.