فرۆشتنەوەی ئارد بە کۆ قەدەغەیە
ئەو بریکارانەی ئاردی مانگەکانی ڕابردوو دابەش دەکەن، سزای تووند دەدرێن.
گرفتی ئاردی کوالێتیی خراپ لە ڕانیە چارەسەر کرا، لە ڕۆژانی داهاتوودا دەست بە دابەشکردنی ئاردی کوالێتیی بەرز دەکرێت و بریکارە سەرپێچیکارەکانیش ڕووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ قایمقامیەتی قەزای ڕانیە بڵاوی کردەوە، دوای چەندین مانگ لە بەدواداچوونی بەردەوام بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاسایشی ڕاپەڕین، گرفتی ئاردی کوالێتیی خراپ چارەسەر کرا و دەست بە دابەشکردنی ئاردی کوالێتیی بەرز بەسەر هاووڵاتییاندا دەکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی قایمقامیەتی قەزای ڕانیە، ئاردەکە لە ڕێککەوتی 23ی 7ی 2026 و ڕۆژانی دوایی دابەش دەکرێت، هەروەها داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت سەردانی بریکارەکان بکەن بۆ وەرگرتنی بەشەئاردی مانگانەیان.
قایمقامیەتی قەزای ڕانیە جەختی لەوە کردەوە، هەر بریکارێک ئاردی مانگەکانی ڕابردوو بە هاووڵاتییان بدات، یان هەوڵی فرۆشتنەوەی ئاردەکە بە کۆ بدات، ڕێکاری تووندی یاسایی بەرامبەر دەگیرێتە بەر.
لە کۆتاییدا قایمقامیەتی قەزای ڕانیە ئاماژەی بەوە دا، هاووڵاتییان دەتوانن لە کاتی بوونی سکاڵا یان گوماندا، پێوەندی بە ژمارە 07708593000 بکەن.