Banner
پایتەخت

ئێران ئۆکرانیا بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی تۆمەتبار دەکات

ئێران ئۆکرانیا بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکانی تۆمەتبار دەکات
کورتە

لە ئەنجامی هێرشێکی درۆنیی ئۆکرانیا لە دەریای خەزەر، دوو کەشتیی ئێران تەقینەوە.

ئێران داوا لە یەکێتیی ئەورووپا دەکات کە وەڵامێکی توندی هەبێت بەرامبەر ئەو هێرشانەی ئۆکرانیا بۆ سەر کەشتییەکانی کە قوربانیی لێکەوتووەتەوە.

 

ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس ڕایگەیاند، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە، بەهۆی هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر دوو کەشتیی ئێران لە دەریای خەزەر لە بەرەبەیانی دوێنێ شەممەدا، یەکێک لە کەشتییەکان تەقیوەتەوە و دەریاوانێک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

 

بەهۆی ئەم ڕووداوەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەرپرسێکی باڵای نوێنەرایەتیی ئۆکرانیای لە ئێران بانگێشت کرد بۆ ئەوەی ناڕەزایەتیی خۆی لەسەر ئەم بابەتە دەرببڕێت، جەختیشیان لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران هەرگیز دەستوەردانی لە ململانێی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا نەکردووە.

 

عێراقچی داواشی لە کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا کرد کە یەکێتیی ئەورووپا وەڵامێکی پتەوی بۆ ئەم هێرشانەی ئۆکرانیا بۆ سەر کەشتییەکانی هەبێت، ناوبراو ئەم هێرشانەی بە کردەوەی دوژمنکارانە و تاوانکاری ناوبرد.

 

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی 25ی تەممووزی 2026، ڤلۆدۆمێر زێلێنسکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕایگەیاند، هێزە چەکدارەکان هێرشیان کردووەتە سەر دوو کەشتی لە دەریای خەزەردا، کەشتییەکان سەر بە ئێران بوون و یەکێکیان کەشتیی بازرگانیی کەرەستەی سەربازی و ئەوەی دیکەش کەشتییەکی جەنگی بوو.

26 تەمموز 2026 16:39
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026