3 تۆمەتبار بەهۆی تەقەکردنەوە دەستگیر دەکرێن
لە گەرمیان دوای ڕووداوێکی تەقەکردن، 3 تۆمەتبار دەستگیر دەکرێن.
کۆمەڵە تۆمەتبارێک بەهۆی تەقەکردن لە هاووڵاتییەک لە گەرمیان، دوای 6 ڕۆژ لەلایەن پۆلیسی ناوچەکەوە دەستگیر کران.
ئەمڕۆ سۆران محەممەد غەریب، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ڕایگەیاند، لە شەوی 20ی تەممووزی 2026 لە بەرامبەر (بەنزینخانەی باوان) لە قەزای ڕزگاری، تەقە لە هاووڵاتییەک کرا و بەو هۆیەوە بریندار بوو، تۆمەتبارانیش لە شوێنی ڕووداوەکە هەڵاتن.
گوتەبێژی پۆلیس ڕوونی کردەوە، دەستبەجێ بنکەی پۆلیسی قەزای ڕزگاری پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕووداوەکە کردەوە و بە بڕیاری دادوەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارەکان و دەستبەسەرداگرتنی چەکی ڕووداوەکە دەرچوو.
دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی پۆلیس، توانرا 3 تۆمەتبار بناسرێنەوە و دەستگیر بکرێن، لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەر، هەر سێ تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی (413 / 3 لە یاسای سزادانی عێراقی) ڕاگیراون و دانیان بە تاوانەکەیاندا ناوە، چەکی ڕووداوەکەش دەستی بەسەردا گیراوە، هاوکات لێکۆڵینەوە لە هۆکار و چۆنیەتیی ڕووداوەکە لەگەڵیاندا بەردەوامە.