تۆڕێکی ساختەکاری لە دیوانییە دەستگیر کرا
لە نوێترین هەڵمەتەکاندا، دەستەی دەستپاکی تۆڕێکی ساختەکاریی زەویوزاری دەستگیر کرد.
هێزەکانی دەستەی دەستپاکی باندێکی ساختەکاریی زەویوزاریان لە پارێزگایەکی عێراق دەستگیر کرد، کە زیاتر لە 1000 مامەڵەی ساختەکارییان ئەنجام دابوو.
ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق (واع) ڕایگەیاند، هێزەکانی دەستەی دەستپاکی باندێکی ساختەکاریی زەویوزار و قەرزوەرگرتنیان لە پارێزگای دیوانییە دەستگیر کردووە، کە لە 13 تۆمەتبار پێکدێت، ئەوان بە شێوەیەکی نایاسایی زەوییان وەردەگرت و دووبارە دەیانفرۆشتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، تۆمەتبارەکان لە فەرمانبەر، پارێزەر و کەسانی ئاسایی پێکهاتبوون کە 243 مامەڵەی ساختەیان بۆ وەرگرتنی قەرز لە 12 بانکی جیاواز لە پارێزگاکانی عێراقدا کردبوو، هەروەها دەستیان بەسەر 13 موڵکی عەقاری و زیاتر لە 600 مامەڵەی ساختەکاریی زەویوزاردا گرتبوو.
دەستەی دەستپاکی ڕوونی کردەوە، کە بەهای ئەم زەویوزار و مامەڵە ساختانە 4 ملیار دیناری تێپەڕاندووە و کۆی گشتیی مامەڵە ساختەکان لە 1000 مامەڵە لای داوە، هاوکات دادگای لێکۆڵینەوەی دیوانییە ڕایگەیاند، تۆمەتبارەکان لە کاتی ئێستادا لەژێر لێکۆڵینەوەدان و تا ئێستا هیچ بڕیارێکی سزادانیان لەسەر نەدراوە.