Banner
پایتەخت

ترەمپ لە ترسی نەمانی چەک هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگرتووە

ترەمپ لە ترسی نەمانی چەک هێرشەکانی بۆ سەر ئێران ڕاگرتووە
کورتە

بەهۆی جەنگی ئێرانەوە توانای سەربازی ئەمریکا لە دارووخان دایەوە و ڕاوێژکارەکانی ترەمپ هۆشداری دەدەن.

دوای 13 شەوی بەردەوام لە بۆردوومان، ئەمریکا هێرشەکانی ڕاگرت و ڕاوێژکارانی ترەمپ هۆکارەکەی ئاشکرا دەکەن.

ئەمڕۆ ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە زاری بەرپرسانی کابینەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڕاوێژکارەکانی بڵاویکردەوە، ترەمپ پلانەکانی بۆ فراوانترکردنی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەشێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە، چونکە عەمباری یەدەگی چەکی وڵاتەکە، بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.

بەگوێرەی زانیاری ڕۆژنامەکە، ترەمپ هەینی ڕابردوو لەگەڵ ڕاوێژکارە باڵاکانی کۆبووەتەوە و سەرنجی تەواویان خستبووە سەر توانا سەربازییەکانیان، بەتایبەتی یەدەگی سیستەمی بەرگری دژە مووشەک. ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی ڕابردوودا سێ سەربازی ئەمریکی لە ئوردن لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران کوژران، کاتێک مووشەکێکی بالیستی ئێران توانی سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئەمریکا ببڕێت.

جەنەراڵ دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش هۆشداری داوە لەوەی ئەگەری گەڕانەوە بۆ ئۆپەراسیۆنە فراوانەکانی دژی ئێران هەیە، بەڵام ئەو فڕۆکە بەرهەڵستکارانەی بەردەستن بۆ فەرماندەیی ناوەند (سێنتکۆم)  کە ئۆپەراسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەبات، بەتەواوی کەم دەبنەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای 13 شەوی یەک لەدوای یەک لە هێرشەکانی هێزەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، شەوی شەممە بۆ یەکەمجار هێرشەکان وەستان و ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (LCI)ی فەرەنسی ئاماژەی بەوە کرد: "وەستانی کاتیی هێرشەکان بە واتای پاشەکشەکردن نایەت." گوتیشی: "ئێمە هێشتا ئامادەین بۆ وەشاندنی گورزێکی گەورە و بەرفراوان ئەگەر ئێران ئەوەی دەمانەوێت ئەنجامی نەدات."

26 تەمموز 2026 09:49
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026