پلاندانانی هەرێمی کوردستان ڕووپێوی پلاندانانی عێراق لەبارەی ڕێژەی هەژاری ڕەتدەکاتەوە

پلاندانانی هەرێم لەبارەی ڕووپێوی پلاندانانی عێراق لەسەر ڕێژەی هەژاری: بەبێ هاوبەشی ئێمە کار لەسەر ئەم ڕاپۆرتە و وردەکارییەکان کراوە
دوای ئەوەی ئەم بەیانییە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لە شاری بەغدا ئەنجامدا، تێیدا ڕاپۆرتی (هەژاری فرە ڕەهەند MPI) ڕاگەیاند، وەزارەتی پلاندانانی هەرێم ڕاپۆرتەکەی ڕەت کردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پلاندانان ڕایگەیاند، ئەم ڕاپۆرتە بێ ئاگاداری وەزارەتی پلاندانانی هەرێم و دەستەی ئاماری هەرێم ڕێک خراوە، کە دەبوایە لە سەرەتاوە بە هاوبەشی کار لەسەر ئەم ڕاپۆرتە و وردەکارییەکانی بکرایە، تاوەکو ڕا و بۆچوونی حکومەتی هەرێم تیایدا جێگیر بکرابا، هەروەها پێویست بوو کە دوا ڕەشنووس بە دەستمان بگات تاکو پێش وەخت ئەنجامەکانی پەسەند بکەین و ئامادەبین لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی و دواتر سوود لە ئەنجامەکانی وەر بگرین.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکدا هاتووە، ڕێژەکانی ئاماژەپێکراو لە ڕاپۆرتەکەدا پشتی بەستووە بە داتاکانی دوا ڕووپێوی (ئابووری وکۆمەڵایەتی خێزان) (2023- 2024) و لە (2025-2026 ) ئەنجامەکانی ڕاگەیەندرا و بە مەنهەجییەتی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانی کاری لەسەر کراوە، کە لە ساڵانی پێشتر پێکەوە لەگەڵ دەستەی ئاماری عێڕاق ڕاهێنان کرابوو بۆ بەکارهێنانی نیشاندەرەکانی تاکو نەک تەنیا هەژاری ماددی بنەمای پلان و ستراتیجەکان بێت (بە پێی ئەنجامەکانی ڕووپێوی ئاماژە پێکراو لە عێراق 19.3% و لە هەرێم 8.6%) بەڵکو ڕێبەری هەژاری فرە ڕەهەند دروست بکرێ بۆ پەنجە دانان لەسەر جۆرەکانی تری هەژاری لە کۆمەڵگا.
ئەمە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی بەغدا، هەولێر کەمترین رێژەى هەژاریی فرە رەهەندى تۆمارکردووە بە 6.8% و لە دهۆک و سلێمانى لەنێوان 8% بۆ 10% بووە، لە کاتێکدا زۆرترین رێژەى هەژارى لە پارێزگاى موسەننایە بە 40%.