لەبارەی خەرجکردنی مووچەی مانگی 6 و 7 ئەنجوومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە

حکومەتی هەرێم پرسی مووچەی مانگەکانی 6 و 7 و چەندین پرسی دیکە تاوتوێ دەکات
وابڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بکات و تێیدا چەندین پرسی گرینگ تاوتوێ دەکرێت.
بەگوێرەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، گفتوگۆ لەبارەی چارەنووسی مووچەی مانگەکانی شەش و حەوتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی ڕێگاکان و میکانیزمی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان دەکرێت، کە ماوەیەکی زۆرە بەهۆی کێشەکان لەگەڵ بەغدا و بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریسەوە ڕاگیراوە و زیانێکی گەورەی ئابووری بە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی گەیاندووە.
جگە لەو دوو تەوەرەی ئاماژەی پێکراوە، هەر لە کۆبوونەوەکەدا، چەند پێشنیازێک سەبارەت بە خزمەت، خانەنشینی، مووچە و شایستە داراییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەخرێنەڕوو و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت.