44 چەتەی دەریایی سۆماڵی بۆ هەتاهەتایە زیندانی کران
44 چەتەی دەریایی بەهۆی ڕفاندنی کەشتییەوە، بۆ هەتاهەتایە زیندانی دەکرێن
دادگایەکی هیندستان سزایەکی تووندی بەسەر 44 هاووڵاتیی سۆماڵیدا سەپاند، دوای ئەوەی بە تاوانی تێوەگلان لە ڕفاندنی کەشتیی بازرگانی لە کەناراوەکانی سۆماڵدا تاوانبار کران.
میدیاکانی هیندستان بڵاویان کردەوە، دادگایەکی شاری مۆمبای لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە، سزای زیندانیی هەتاهەتایی بەسەر ئەو 44 چەتە دەریاییەدا سەپاند، کە لە کانوونی یەکەمی 2023دا هێرشیان کردبووە سەر کەشتیی بازرگانیی 'ئێم ڤی ڕوێن' بە ئاڵای ماڵتاوە، هەروەها لە ئاداری 2024دا کەشتیی ڕاوەماسیی ئێرانیی 'ئەلقەمبەر'ـیان ڕفاندبوو.
ئەم بڕیارە دوای چەندین مانگ لە دەستگیرکردنیان لەلایەن هێزی دەریایی هیندستانەوە دێت کە بۆ ڕزگارکردنی سەرنشینە بارمتەکراوەکانی ئەو کەشتییانە ئۆپراسیۆنێکیان ئەنجام دابوو، دۆسیەکە سەرنجی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بۆ لای کێشەی بەردەوامی چەتەیی دەریایی لەو ناوچە ستراتیژییەدا ڕاکێشایەوە.
ئێس. بی. دێگی، دادوەری وڵاتەکە لە کاتی خوێندنەوەی بڕیارەکەدا ڕایگەیاند: "هەر کارێکی چەتەیی لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا کە تێیدا کەشتییەک کۆنترۆڵ بکرێت و سەرنشینەکانی بە مەبەستی وەرگرتنی سەرانە یان وەک قەڵغانی مرۆیی بە بارمتە بگیرێن، تاوانێکی لەڕادەبەدەر مەترسیدارە."
هێزە دەریاییەکانی هیندستان لە ساڵی 2008ـەوە دەوریەی چاودێری لە کەناراوەکانی سۆماڵ ئەنجام دەدەن، ئەمەش بەهۆی ئەوەی کەناراوەکانی ئەو وڵاتە ئەفریقییە بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵە بەدەست ناسەقامگیریی سیاسییەوە دەناڵێنێت و بووەتە یەکێک لە مەترسیدارترین ڕێڕەوە دەریاییەکانی جیهان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.