Banner
پایتەخت

ترەمپ هەڕەشە له‌ کاره‌بای تاران دەکات

ترەمپ هەڕەشە له‌ کاره‌بای تاران دەکات
کورتە

گەمارۆی بەندەرەکان و هەڕەشەی بۆردوومان؛ ترەمپ هەڕەشەی نوێ ده‌كات.

هەڕەشە سەربازییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ و مەترسیدارەوە، بە جۆرێک دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی توند دەداتە تاران لەبارەی بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ژێرخانە زیندووەکانی ناو جەرگەی پایتەخت لە بەرامبەر هەر هێرشێک بۆ سەر جووڵەی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا.

 

ئەمڕۆ  دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، لەمەودوا هەر هێرشێکی ئێران بۆ سەر کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا، چ بە مووشەک یان درۆن بێت، بە وێرانکردنی پردێک یان وێستگەیەکی کارەبا لە ناوخۆی ئێران وەڵام دەدرێتەوە. ترەمپ جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەو وێستگانەی دەکرێنە ئامانج ڕەنگە بکەونە ناو تاران یان دەوروبەری پایتەختی ئەو وڵاتە.

 

لە لایەکی دیکەوە، حەسەن قەشقاوی، وتەبێژی لێژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، هەموو ئەو دەنگۆیانەی ڕەت کردەوە کە باس لە داواکاریی تاران بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ واشنتن دەکەن و لێدوانەکانی ترەمپی لەو بارەیەوە بە دوور لە ڕاستی ناوبرد.

 

هاوکات شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی بارگرژییەکان نیشان داوە و ڕایگەیاندووە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە دەورەکەی وەک نێوەندگیرێکی بێلایەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە.

 

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە ماوەی 11 ڕۆژە هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر چەندین بنکە و ژێرخانی ئێران دەستیان پێکردووە و گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئەو وڵاتە لە لایەن واشنتنەوە هێشتا بەردەوامە.

 

22 تەمموز 2026 17:01
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026