عه‌لی زه‌یدی سه‌ردانی تاران ده‌كات
هەموو شتێک دەربارەی سەردانی زه‌یدی و وەفدی عێراق بۆ ئێران و ورده‌كاریی گه‌شته‌كه.
له‌كاتێكدا ناوچه‌كه به قۆناغێكی هه‌ستیار و پڕ له لێكه‌وته‌ی سیاسی و سه‌ربازیدا گوزه‌ر ده‌كات، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەکانی له‌گه‌ڵ به‌رپرسه باڵا و گه‌وره‌كانی ئه‌مریكا به سه‌ردانێكی فه‌رمی ده‌چێته ئێران.
ئەمڕۆ حەیدەر عەبوودی، وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، سبەی پێنجشەممە به بانگهێشتێکی فەرمی عه‌لی فالح زه‌یدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌گه‌ڵ وەفدێکی وزاری دەچێتە تاران.
به‌پێی ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بێت، سەردانەکە دوو ڕۆژ دەخایەنێت و تێیدا دۆسیەی دابینکردنی غاز بۆ کەرتی کارەبا، هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە و پرسی وەرگرتنەوەی چەک لە گرووپەکان تا 30ی ئەیلوول تاوتوێ دەکرێن.
زەیدی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری زە ئەتلانتیکی ئەمریکی ئاشکرای کردووە کە ئامۆژگاری دۆناڵد ترەمپی کردووە هێرشی سەربازی نەکاتە سەر ئێران، چونکە گفتوگۆ تاکە ڕێگەیە. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت پەیوەندییەکانی عێراق و ئەمریکا لە شێوازە سەربازییەکەیەوە بگۆڕدرێن بۆ هاوبەشیی ئابووری و وەبەرهێنان.
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، ئه‌وه‌شی بۆ گۆڤاری زە ئەتلانتیکی ئه‌مریكی خستووه‌ته ڕوو، كه سووره لەسەر کۆکردنەوەی چەک بۆ دەستی دەوڵەت و ڕێگە نادەن عێراق ببێتە دەوڵەتێکی شکستخواردوو.
به‌پێی زانیارییه‌كان، حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات تاوەکو لە کۆتایی ئەم مانگەدا دۆسیەی ئاو لەگەڵ وڵاتی تورکیا تاوتوێ بکات و وەک بەدیلێکیش بۆ کێشەکانی گەرووی هورمز، لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان کار بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێی هەناردەکردنی نەوت دەکات.
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، تاران بەهۆی نزیکبوونەوەی زەیدی و ترەمپ نیگه‌رانه و ئەمەش ئەرکی سەرۆکوەزیران لە قایلکردنی گرووپە چەکدارەکان بۆ ڕادەستکردنی چەکەکانیان قورس‌تر دەکات.