دەست بەسەر ملیۆنان دۆلاردا دەگیرێت
هەموو ئەوەی دەبێت لەبارەی دۆسیەی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق بیزانیت لێرەیە.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڵدەکوتنە سەر ماڵی وەزیری پێشووی کار و دەست بەسەر بڕێکی زۆر پارەدا دەگرن، ههروهها چوارچێوەی هەماهەنگییش وردەکاریی هەڵکوتانە سەر ماڵی وەزیرەکە بڵاو دەکاتەوە.
ئەمڕۆ ئاژانسه عێراقییهكان بڵاویان کردەوە، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا، هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە ناوچەی قادسیەی بەغدا.
بەپێی زانیارییەکان، دەست بەسەر بڕێک پارەدا گیراوە کە لەناو ئۆتۆمبێلی ناوبراودا لە "مجمع الوزرا" حەشار درا بوو. ئەحمەد ئەسەدی لە تۆمارێکی دەنگیدا دانی بەوەداناوە کە دەست بەسەر پارەکەدا گیراوە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە پارەیەکی یاساییە و هیی فرۆشتنی پشکی هۆتێلێک بووە لە بەغدا.
لە بەرانبەردا، عامر فایز، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەسمیم و سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاشکرای کردووە کە یەکێک لە پاسەوانە نزیکەکانی ئەسەدی هەواڵی بە دادگا داوە و ئەوەش بووەتە هۆی گەڕانی هێزە ئەمنییەکان. هەرچەندە ئەسەدی گوتوویەتی بۆ چارەسەر لە دەرەوەی وڵاتە، بەڵام گومان دەکرێت لە ترسی دەستگیرکردن نەگەڕابێتەوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، حکومەتی عێراق ماوەیەکە هەڵمەتێکی فراوانی بۆ ڕاوەدوونانی ئەو بەرپرسە باڵایانە له ژێر دروشمی 'ههڵمهتی بهرهبهیان' دەست پێ کردووە کە تۆمەتبارن بە بەهەدەردانی سامانی گشتی و گەندەڵی.