ئەمریکا هۆشداریی جیهانی دەدات
سیناریۆیەکی ترسناک؛ جەنگی ئێران و ئەمریکا ناوچەکە دەسوتێنێت.
ئەمریکا هۆشدارییەکی جیهانیی بەپەلە بڵاو دەکاتەوە و جەنگی نێوان واشنتن و تاران ناوچەکە دەهەژێنێت.
ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بەهۆی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران، داوا لە تەواوی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە هەموو جیهان دەکرێت لەوپەڕی ئامادەباشی و ئاگاداری بن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ژینگەی ئەمنیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر ئاڵۆز بووە و ئەگەری هێرشی کتوپڕ بۆ سەر بنکە دیپلۆماسییەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ئارادایە.
لەلایەکی تریشەوە، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند، لە گەرووی هورمز دەستیان بەسەر 2 تانکەری نەوتدا گرتووە. هاوکات دەستەی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا ئاشکرای کرد، تانکەرێکی نەوت لە نزیک کەناراوەکانی عومان بە 'تەقەمەنییەکی نادیار' کراوەتە ئامانج و تیمەکەی بە ناچاری کەشتییەکەیان چۆڵ کردووە.
لە هەمان کاتدا سوپای كوهیت بڵاویکردەوە، بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان سەرقاڵی تێکشکاندنی چەندین مووشەک و درۆنی ئێرانییە کە ئاسمانی ئەو وڵاتەیان بەزاندووە.
ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانە لە کاتێکدایە، شەڕی ڕاستەوخۆ و ئاڵوگۆڕی تەقە لە نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز چڕ بووەتەوە و مەترسییەکانی جەنگی جیهانیی زیاتر کردووە.