Banner
پایتەخت

گەندەڵیی ترلیۆن دیناری ئاشکرا کرا

گەندەڵیی ترلیۆن دیناری ئاشکرا کرا
کورتە

له‌ چوار ساڵی ڕابردوودا یەک ترلیۆن و 284 ملیار دینار لە واست بەهەدەر دراوە.

پارێزگاری نوێی واست هەڵمەتێکی فراوانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاكکردنەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە پارێزگاکە دەست پێ کرد و چەندین دۆسیەی گەورەی گەندەڵی و بەهەدەردانی یەک ترلیۆن دیناری ڕەوانەی دەستەی دەسپاکی و دادگا کرد.

عەلی حەسەن سلیمۆن، پارێزگاری واست، لە میانی بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیی کەناڵی عێراقیە ڕایگەیاند، ئیدارەی نوێی پارێزگاکە کار دەکات بۆ گێڕانەوەی دادپەروەری و کۆتاییهێنان بە سەردەمی ژوورە تاریکەکان و قۆرخکاریی بڕیارەکان لە لایەن کەسانی نزیک لە لایەنە دەستڕۆیشتووەکان.

پارێزگار ئاشکرای کردووه‌، لە چوار ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 1 ترلیۆن و 284 ملیار دینار لەگەڵ 100 ملیار دیناری بودجەی پترۆدۆلار و دەروازەکان، لەجیاتی پڕۆژەی ستراتیژی، بۆ بەرژەوەندیی حزبی و هەڵبژاردن بەکار هێنراون و ئێستا پڕۆژەکان لەناو دەچن.

پارێزگاری واست ئاماژەی بە دۆسیەیەکی مەترسیدار کرد کە تێیدا پڕۆژەیەکی بونیادنان بە بڕی 37 ملیار دینار، تەنیا دوای 7 مانگ لە تەواوبوونی، بەهۆی دەستکاریکردنی مەرجە تەکنیکییەکان و نەبوونی چاودێری، تووشی داڕمانی پێکهاتەیی بووە.

هەروەها دۆسیەی دابەشکردنی 85 ملیار دینار بەسەر چەند کۆمپانیایەکی دیاریکراودا بەبێ ڕەزامەندیی وەزارەتی دارایی، ئێستا لەبەردەم دەستەی دەسپاکیدایە بۆ لێکۆڵینەوە.

ئەم هەڵمەتە نوێیەی پارێزگای واست لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق هەوڵەکانی بۆ چاکسازیی کارگێڕی و دارایی چڕ کردووەتەوە و دەیەوێت لە ڕێگەی کادری ئەندازیاریی گەنج و لێهاتوو، کەرتی پڕۆژەکان لە بنەڕەتەوە ڕێک بخاتەوە.

20 تەمموز 2026 13:17
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026