ئەمریکا هێرشەکانی بۆ سەر ئێران فراوانتر کرد
وردەکاریی نۆهەمین شەوی هێرشەکان بۆ سەر ئێران لێرە بخوێنەرەوە.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر قووڵایی خاکی ئێران و پارێزگا جیاوازەکان فراوانتر کرد و چەندین بنکەی سەربازی و وێستگەیەکی ئەتۆمیی ئەو وڵاتەی کردە ئامانج.
ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، هێزەکانیان جارێکی تر بە توندی لە ئێرانیان داوەتەوە. ئەم هێرشانە وەک وەڵامێک و 'ڕێزگرتنێک'ە بۆ ئەو سەربازە ئەمریکییانەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا لە ناوچەکەدا کوژراون، هەروەها جەختی کردەوە کە ڕێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم)، نۆهەمین شەپۆلی هێرشەکان بنکەکانی سەرکردایەتی، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی، وێستگەکانی چاودێریی کەناراو، و سەکۆکانی هاویشتنی موشەک و درۆنی لە ناو خاکی ئێراندا پێکاوە. لە بەرانبەردا، ئێران چەندین هێرشی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، ئوردن و سووریا ئەنجام داوە و ڕایگەیاندووە کە بنکەی ئاسمانیی عەلی ئەلسالمی لە كوهیت کردووەتە ئامانج و هێرشی کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی عەقەبە لە ئوردن.
لە لایەکی ترەوە، ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ڕایگەیاندووە کە سەرەڕای پەرەسەندنی هێرشە سەربازییەکان، هێشتا پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیان لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە لەگەڵ واشنتن بەردەوامە. مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کردووە کە وڵاتەکەی هەمیشە بۆ دیپلۆماسی کراوەیە، بەڵام دەبێت ڕێککەوتنەکان ڕاستەقینە بن و ئێران پێیانەوە پابەند بێت.
ئاژانسی هەواڵی عەرەبییە لهبارهی كاریگهری و لێكهوتهكانی نووسیویهتی، ئەم ئاڵۆزییە سەربازییانە کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕی وزە دروست کردووە و نرخی نەوتی برێنت گەیشتە سەرووی 90 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، لە سەرەتای ئەم مانگەوە تاوەکو ئێستا 50 کەس کوژراون و زیاتر لە 500 کەسی تریش بریندار بوون.
ئەم ململانێیە لە کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵەوە دەستی پێ کردووە و بووەتە هۆی تێکچوونی هەموو ئەو لێکتێگەیشتنە دیپلۆماسییانەی کە پێشتر بۆ چارەسەری کێشە ئەتۆمییەکان داڕێژرابوون.