کوژرانی سەربازێکی ئەمریکی لە کاتی ئەرکدا لە هەرێم
سێنتکۆم زانیاریی ورد لەسەر کوژرانی سەربازەکانی بڵاو دەکاتەوە.
فەرماندەییی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە زانیاریی نوێیان لەبارەی کوژران و برینداربوونی چەند سەربازێکیان لە هەرێمی کوردستان و ئوردن ئاشکرا کرد، کە بەهۆی هێرشی درۆنی و موشەکییەوە بووە.
ئەمڕۆ فەرماندەییی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، سەربازێکیان لە هەرێمی کوردستان لە 18ی تەممووزدا لە کاتی تەقاندنەوەی کۆنترۆڵکراوی پاشماوەی تەقەمەنیی نەتەقیوی درۆنێکی ئێرانی کوژراوە و سەربازێکی تریش بریندار بووە.
هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ سی ئێن ئێن پشتڕاستی کردەوە کە ئەو درۆنە پێشتر هێزەکانیانی کردووەتە ئامانج و مەرگی ئەو سەربازە لە کاتی مامەڵەکردن بووە لەگەڵ پاشماوەی درۆنەکەدا.
سەبارەت بە دۆخی سەربازەکانیان لە ئوردن، فەرماندەییی ناوەندی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی هێرشێکی ئێران لە 17ی تەممووزدا، دوو سەربازیان کوژراون و یەکێکی تریش بێسەروشوێن بووە، بەڵام دوای گەڕانێکی ورد تەرمی بێسەروشوێنبووەکەیان دۆزیوەتەوە.
مارکۆ ڕوبیۆ ڕایگەیاند کە هێزەکانیان لە ئوردن ڕووبەڕووی هێرشێکی موشەکیی بەرفراوان بوونەتەوە، هەرچەندە زۆربەی موشەکەکان تێکشکێنراون، بەڵام موشەکێک کەوتووەتە خوارەوە و زیانی گیانیی لێ کەوتووەتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەش کرد کە وڵاتەکەی هێشتا دەرگای بۆ چارەسەری دیپلۆماسی لەگەڵ تاران کراوەیە، بەڵام بەهۆی دابەشبوونی ناوخۆیی لەناو دەسەڵاتی سیاسیی ئێراندا، ئەو وڵاتە پابەندی ڕێککەوتنەکان نابێت.
ڕوبیۆ جەختی کردەوە کە ئێران لە دۆخی داڕمانی ئابووریدایە و ئەگەر دانوستانەکان شکست بهێنن، دۆخەکە زیاتر لە دژی بەرژەوەندییەکانی تاران دەبێت.
هێرشەکانی سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئوردن لە چوارچێوەی ئەو گرژییە بەردەوامانەدایە کە لە ناوچەکەدا لە نێوان واشنتن و تاران و گرووپە هاوپەیمانەکانی دروست بووە.