زانیاریی نوێ لەسەر شەپۆلی گەرمای داهاتوو
ئاستی پلەکانی گەرما لە کۆتایی هەفتەدا چۆن دەبێت؟
پێشبینییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە هەرێمی کوردستان لەبەردەم گۆڕانکارییەکی نوێی کەشوهەوادایە و لە دوای هەفتەیەکی جێگیر لە پلەکانی گەرما، ئەگەری سەرهەڵدانی شەپۆلێکی بەتین لە ئارادایە.
ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، کەشی ئاسمانی ناوچەکان بە ساماڵی دەمێنێتەوە و پلەکانی گەرما لە ئاستێکی جێگیردایە، بە جۆرێک بەرزترین پلەی گەرما لە گەرمیان 46 پلە و لە هەولێر 42 پلەی سیلیزی دەبێت.
هاوکات ئاراس جهبار، شارەزای کەشوهەوا ئاماژەی بهوه كردووه كه تاوەکو 27ی ئەم مانگە پلەکانی گەرما بە جێگیری دەمێننەوە، بەڵام لەو ڕێکەوتە بەدواوە ئەگەری دروستبوونی دیاردەی 'گومەزی گەرمی' هەیە. ئەم دیاردەیە دەبێتە هۆی قەتیسبوونی گەرمی لە هەوای ڕووی زەویدا و پێشبینی دەکرێت پلەکانی گەرما 3 تا 4 پلە لە ئاستی ئێستا بەرزتر ببنەوە.
لە لایەکی ترەوە دەستەی کەشناسیی عێراق دڵنیایی دەدات کە تاوەکو کۆتایی ئەم مانگە پلەکانی گەرما ناگەنە 50 پلەی سیلیزی و تەنیا ئەگەری چالاکبوونی با و بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵێکی مامناوەند لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقدا هەیە.
ئەمه لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان لە نیوەی دووەمی وەرزی هاویندایە و بەهۆی گۆڕانکارییەکانی بەرگەهەواوە، ناوە ناوە شەپۆلی گەرما ڕوو لە ناوچەکە دەکات.