Banner
پایتەخت

بەرهەمهێنانی نەوت لەم شاره‌ وەستا

بەرهەمهێنانی نەوت لەم شاره‌ وەستا
کورتە

گۆڕانکارییە ئەمنییەکان و کاریگەرییان لەسەر نەوتی هه‌رێمی كوردستان.

ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە کاریگەریی قورسیان خستووەتە سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان و بوونەتە هۆی پاشەکشەی کاتیی گەورە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان لە کێڵگە ستراتیژییەکانی بەرهەمهێنانی نەوت.

 

ئەمڕۆ هەردوو کۆمپانیای گەڵف کیستۆن و شاماران پتڕۆلیۆم لە دوو ڕاگەیەندراوی جیاوازدا بڵاویان کردەوە، کە بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، تەواوی چالاکییەکانی بەرهەمهێنانیان لە کێڵگەکانی شێخان، سەرسنگ و ئەترووش ڕاگرتووە.

 

کۆمپانیای گەڵف کیستۆن ئاماژەی بەوە کردووە کە کێڵگەی شێخان پێش ئەم بڕیارە ڕۆژانە زیاتر لە 45,000 بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا، بەڵام بۆ ڕێگریکردن لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو، کارەکانیان بە شێوەیەکی کاتی وەستاندووە.

 

کۆمپانیاکانی شاماران و ئێچ کەی ئێنیش کە لە کێڵگەکانی سەرسنگ و ئەترووش لە پارێزگای دهۆک کار دەکەن، هاوشێوەی کۆمپانیاکانی تر جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هیچ زیانێکی دارایی یان فیزیکی بە دامەزراوەکانیان نەکەوتووە و تەنیا وەک پیشاندانی نیگەرانییە ئەمنییەکان ئەم بڕیارەیان داوە.

 

ئەم زنجیرە ڕاگرتنانە دوای ئەوە دێت کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کۆمپانیای دانەگازیش بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە کارەکانی لە کێڵگەی کۆرمۆر ڕاگرتبوو.

 

پێشتر هێرشە ئەمنییەکان بۆ سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان بە بڕی نزیکەی 2,000 مێگاوات.

 

کەرتی نەوت و گازی هەرێم یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات و وزە کە بەردەوام ڕووبەڕووی ئاڵۆزییە سیاسییەکانی ناوچەکه‌ دەبێتەوە.

20 تەمموز 2026 10:13
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026