Banner
پایتەخت

سعودییە مەرجەکانی ڤیزای عومرەی گۆڕی

سعودییە مەرجەکانی ڤیزای عومرەی گۆڕی
کورتە

زانیاریی نوێ لەسەر ڤیزای ئەلیکترۆنیی سعودییە بڵاوكرایه‌وه‌.

وەزارەتی حەج و عومرەی شانشینی عەرەبیی سعودییە گۆڕانکاریی مێژوویی لە سیستەمی پێدانی ڤیزای عومرەدا ڕاگەیاند و ماوەی کارکردنی ڤیزەکەی بۆ یەک ساڵی تەواو درێژ کردەوە، ئەمەش ئاسانکارییەکی گەورە بۆ عومرەکارانی هەرێمی کوردستان دەکات.

 

ئەمڕۆ به‌شێك له‌ كۆمپانیاكانی گه‌شتیاری بۆ حەج و عومرە بڵاویان کردەوە، لەمەودوا هەر گەشتیارێک ڤیزای عومرە وەربگرێت، بۆ ماوەی 365 ڕۆژی تەواو ڤیزەکەی کاری پێ دەکرێت. بەپێی ئەم بڕیارە نوێیە، گەشتیار دەتوانێت لە ماوەی ئەو ساڵەدا چەند جارێک سەردانی سعودییە بکات و لە هەر جارێکیشدا بۆ ماوەی 90 ڕۆژ، کە دەکاتە 3 مانگ، لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە.

 

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان به‌ پایته‌خت میدیای ڕاگەیاند، بەپێی بڕیارە نوێیەکەی سعودییە، ڤیزای عومرە لە 3 مانگەوە بۆ 12 مانگ (یەک ساڵ) درێژ کراوەتەوە.

 

ستوونی ئاماژەی بەوە کرد، عومرەکاران دەتوانن لە ماوەی ئەو 365 ڕۆژەدا چەند جارێک سەردانی سعودییە بکەن، بەڵام بەو مەرجەی لە هەر جارێکدا مانەوەیان لە 90 ڕۆژ زیاتر نەبێت. هەروەها بۆ جاری دووەم، گەشتیار دەبێت پێشوەختە پاکێجی هۆتێل بکڕێت تاوەکو ڕێگەی چوونە ناو خاکی سعودییەی پێ بدرێت.

 

ئێستا نرخی فەرمیی ڤیزاکە 130 دۆلارە، کە بۆ گەشتی وشکانی دەبێتە 135 دۆلار و بۆ گەشتی ئاسمانی دەگاتە 150 دۆلار. پێشتر ڤیزای عومرە بۆ ماوەیەکی کورتتر دەدرا و گەشتیاران ناچار بوون بۆ هەر سەفەرێکی نوێ تێچوویەکی زۆر خەرج بکەن.

20 تەمموز 2026 10:06
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026