تۆمەتی قورس ئاڕاستەی عەلی حەمە ساڵح دەکرێت
نهێنیی ئەو 300 ملیۆن دینارە چییە کە عەلی حەمە ساڵح داوای دەکات؟
سازگار فەریق، هێرشێکی توندی کردە سەر عەلی حەمە ساڵح، سەرۆکی ڕەوتەکە و چەندین تۆمەتی قورسی وەک هەڕەشەکردن، بەکارهێنانی خوێنی شەهیدان و وەرگرتنی پارەی ئاڕاستە کرد.
ئەمڕۆ سازگار فەریق، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ڕەخنەی لە مێژووی سیاسیی عەلی حەمە ساڵح گرت و ڕایگەیاند، ناوبراو لە ساڵی 2018دا دوای جیابوونەوەی لە بزوتنەوەی گۆڕان، دەنگی بە کابینەی ئێستای حکوومەت داوە.
سازگار فەریق کە هاوسەری شەهیدێکی خۆپیشاندانەکانە، عەلی حەمە ساڵحی تۆمەتبار کرد بەوەی بۆ ماوەی 10 ساڵ خوێنی شەهیدانی بۆ بەرژەوەندیی پەرلەمانتاریی خۆی بەکار هێناوە و ئێستاش هەڕەشە لە خۆی و منداڵە بێباوکەکەی دەکات.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاشکرای کرد کە عەلی حەمە ساڵح داوایەکی یاسایی تۆمار کردووە و داوای 300 ملیۆن دینار دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ژیانی ئەو پەرلەمانتارە لە مەترسیدایە. ههروهها دهڵێت: "عەلی حەمە ساڵح 500 هەزار دەنگدەری نائومێد کرد."
ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی کە لە لایەن عەلی حەمە ساڵحەوە سەرۆکایەتی دەکرێت، لە ماوەی ڕابردوودا وەک هێزێکی نوێی ئۆپۆزسیۆن خۆی ناساند، بەڵام ئەم ڕەخنە و تۆمەتە توندانەی ئەندامێکی باڵای ڕەوتەکە، گومان لەسەر یەکگرتوویی و ئامانجەکانی ئەم هێزە دروست دەکات.