Banner
پایتەخت

عێراق؛ ملیارەها دینار دەستی بەسەردا گیرا

عێراق؛ ملیارەها دینار دەستی بەسەردا گیرا
کورتە

دەستگیرکردنی بەرپرسێکی کارەبا و هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی قاچاخچێتیی دراو لە عێراق.

دەستەی دەسپاکی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی فراوانیان بۆ دەستگیرکردنی گەندەڵکاران و تێکدەرانی بازاڕی دراو ئەنجام دا، کە بووە هۆی دەستگیرکردنی بەرپرسێکی باڵا و هەڵوەشاندنەوەی چەندین تۆڕی قاچاخچێتیی نێودەوڵەتی.

 

ئەمڕۆ دەستەی دەسپاکی عێراق ڕایگەیاند، بەرپرسێکی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای بەغدایان دەستگیر کردووە کە کەرەستەی کارەبایی بە بڕی نزیکەی 4.5 ملیار دینار دزیوە. دەستەکە ئاماژەی بەوە کردووه‌، ئەو بەرپرسەی کۆگاکانی کەرتی ڕەسافە بە هاوکاریی دوو کەسی تر، بڕێکی زۆر کێبڵی کارەباییان بردووە و ئێستا بەپێی ماددەی 315ی یاسای سزادان ڕاگیراوە.

 

هاوکات، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە، توانراوە چەندین تۆڕی قاچاخچێتی و سپیکردنەوەی دراو لە شارەکانی بەغدا، کەرکووک، دیالە، نەینەوا و بەسڕە هەڵوەشێنرێنەوە.

 

به‌پێی زانیارییه‌كان، لە بەغدا تۆمەتبارێک بە بڕی زیاتر لە 1.3 ملیار دینار و 256 هەزار دۆلارەوە دەستگیر کراوە. هەروەها لە کەرکووک و دیالە چەندین تۆڕی سپیکردنەوەی دراو لە ڕێگەی ماستەرکارد و ئامێری پۆس پووچەڵ کراونەتەوە، لە نەینەوا و بەسڕەش دەست بەسەر بڕێکی زۆر دۆلاری ساختەدا گیراوە کە بە ناوی دۆلاری بەستوو فێڵیان لە هاووڵاتییان کردووە.

 

ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکانی حکوومەتی عێراق دێن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی دارایی و کۆنترۆڵکردنی نرخی دراو لە بازاڕەکاندا کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی قاچاخچێتییەوە ناسەقامگیریی بەخۆیەوە بینیوە.

 

19 تەمموز 2026 18:38
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026