گەنجێک لە ڕووباری چامە خنکا
دوایین زانیاری لەسەر خنکانی گەنجەکەی قەزای پیرمام گهیشت.
ڕووداوێکی دڵتەزێنی خنکان لە سنووری قەزای مێرگەسۆر ڕووی دا و گەنجێکی تەمەن 25 ساڵ لە کاتی مەلەکردندا گیانی لەدەست دا.
ئەمڕۆ ڕهوهند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران ڕایگەیاند، هاووڵاتییەک بە ناوی محەممەد غازی کە دانیشتووی قەزای پیرمامە، بۆ مەبەستی گەشتوگوزار و مەلەکردن لەگەڵ هاوڕێکانی چووەتە سەر ڕووباری چامە لە سنووری مێرگەسۆر و خنکاوە.
ڕەوەند هاودیانی ئاماژەی بەوەش کردووه، دوای نزیکەی 1 کاتژمێر گەڕان، توانراوە تەرمەکە لە لایەن تیمەکانیانەوە بدۆزرێتەوە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی مێرگەسۆر بکرێت، بڕیاریشە بۆ پشکنینی زیاتر ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی سۆران بکرێت.
ساڵانە لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما، ڕێژەی خنکان لە ڕووبار و بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان زیاد دەکات و بەرگریی شارستانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لەو شوێنانە مەلە نەکەن کە شارەزا نین یان بۆ مەلەکردن گونجاو نین.