Banner
پایتەخت

ئیهود باراک: ئیسرائیل هەمان هەڵەی 1985 لە لوبنان دووبارە دەکاتەوە

ئیهود باراک: ئیسرائیل هەمان هەڵەی 1985 لە لوبنان دووبارە دەکاتەوە
کورتە

ئیسرائیل لە باشووری لوبنان بمێنێتەوە چی ڕوودەدات؟ سەرۆکوەزیرانی پێشووی وڵاتەکە هۆشداری تووند دەدات.

سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل هۆشداری لە مانەوەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە باشووری لوبنان دەدات و بۆ لەناوبەردنی حزبوڵڵای لوبنان، داگیرکردنی تەواوی لوبنان بە تاکە چارەسەر دەزانێت.

ئیهود باراک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشیەتید پرێس ڕایگەیاند، مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان دەبێتە "تاکە ئامانج"ـی ئۆپەراسیۆنەکە، هۆشداریشی دا لەئەگەری دووبارەکردنەوەی هەڵەی ساڵی 1985، کە بە گووتەی خۆی مانەوەی هێزەکان بۆ ماوەیەکی دووروودرزێژ لە باشووری لوبنان "لۆژیکێکی ڕوونی نەبوو."

باراک زیاتر ڕوونی کردەوە، کە لە 1985 ئەو کاتەی لە سوپای وڵاتەکەی جەنەڕاڵ بووە، هۆشداری دەدا لەوەی ئەوان پارێزگاری لە سنوورەکان، کاروانی ئازوقە، لۆجیستیک و پاسەوان و هەموو شتێکیان دەکرد، بەڵام هیچ خزمەتێکیان بە ئاسایشی ئیسرائیل و وڵاتکە بە گشتی نەدەکرد، "هیچ لۆژیکێک لە ئۆپەراسیۆنەکەی 1985 و کشانەوەمان نەبوو، هیچ لۆژیکێک لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئێستاشماندا نییە."

هۆشدارییەکەی باراک لە کاتێکدایە، لە مانگی سێی ئەمساڵ دوای ئەوەی حزبوڵڵای لوبنان لەبەرامبەر جەنگی ئەمریکا/ئیسرائیل لە دژی ئێران، بە درۆن و مووشەک وەڵامی ئیسرائیلی دایەوە، ئیسرائیل دەستی بە داگیرکردنی باشووری لوبنان کرد و لە ئێستادا 600 کیلۆمەتر چوارگۆشەی لەژێر دەستە.

مانگی ڕابردوو، ئیسرائیل ڕێککەوتنێکی ئاشتی لەگەڵ حکومەتی لوبنان واژۆ کرد، مەبەستی بەکارهێنانی هەندێک شوێن لە باشووری لوبنان وەک "ناوچەی ئەزموونی" تا چەک و ژێرخانی حزبوڵڵا لەناو ببەن و ئاسایشی ناوچەکە ڕادەستی هێزەکانی حکومەتی لوبنان بکەنەوە، دواتر ئیسرائیل دەست بە کشانەوەی هێزەکانیان دەکەن لەو ناوچانە. هاوکات حزبوڵڵا بەشێک نییە لەم ڕێککەوتنە ئاشتییە و بەشێوەیەکی ئاشكرا دژی وەستاوەتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل بەڵێنیان داوە تا ئەو کاتەی حەبزوڵڵا خاوەن چەک بێت، هێزەکانیان لەو "ناوچە ئەمنی"ـیانە دەهێڵنەوە و لە دوای هێرشی بزووتنەوەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر، ئیسرائیل چەندین ناوچەی دیکەی بچووکی لە سووریا و غەززە بە "ئەمنی" دەستنیشان کردووە، چونکە بە پێویستی دەزانێت بۆ وەستاندنی هێرشی داهاتووی میلیشاکان. بەگوێرەی کەناڵی ئەل جەزیرە، ڕێککەوتنەکە هیچ کاتێکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل لە لوبنان دیاری نەکردووە.




لەمبارەیەوە یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل دەڵێت: "ئێمە داوای مۆڵەتمان لە هیچ لایەنێک نەکردووە تا بێینە نێو لوبنان، وە پێویستیشمان بە مۆڵەتی کەس نییە تا لە لوبنان بمێنینەوە، پارێزگاریکردن لە دانیشتووانی ئیسرائیل لە باکوور و سەر سنوور، ئەرک و مافی خۆمانە."


لە درێژەی چاوپێکەوتنەکەی دا، باراک ئاماژەی بە ئامانجی سەربازەکانی ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنەکەی 1985 دا و ئەوکاتە لێی پرسیون ئامانجیان چییە، لە وەڵامدا گووتویانە: "دەمانەوێت منداڵەکانمان لە هەڕەشەی حزبوڵڵا بپارێزین و پێویست نەکات ئەوانیش خزمەتی سەربازی بکەن."، بەڵام دوای نزیکەی دوو دەیە لە ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل لە لوبنان و کشانەوەیان لە ساڵی 2000 لە ژێر فەرمانی باراک، بە گووتەی خۆی ئەوکاتە منداڵەکانی ئەم سەربازانە هاوشێوەی دایک و باوکیان لە لوبنان خزمەتیان دەکرد، بۆیە کشانەی هێزەکانی ئیسرائیل بە دەسکەوتێکی گەورە لە قەڵەم دەدات.

ئەم سەرۆکوەزیرانەی پێشووی ئیسرائیل جەخت دەکاتەوە کە بۆ ئەوەی بە تەواوی حزبوڵڵا لەناوببەن پێویستە تەواوی لوبنان داگیر بکەن، ئامانجێک کە زۆربەی ئیسرائیلییەکان بە مەحاڵی دەزانن. هاوکات هۆشداریش دەدات لە مانەوەی هێزەکانی ئیسرائیل و لەناوبردی گوندەکانی سنووری لوبنان، کە دەبێتە هۆی زیادبوونی پاڵپشتی لە حزبوڵلا، چونکە لە مانگی سێی ئەمساڵە تا ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لەم ناوچانە دەربەدەر بوون، بەڵام بەگوێرەی حکومەتی لوبنان، 40%ـیان گەڕاونەتەوە ماڵ و حاڵی خۆیان. جگە لە دەربەدەربوونی ملیۆنێک کەس، 4,300 کەس بە هێرشەکانی حزبوڵڵا و ئیسرائیل کوژراون و 40 سەربازی ئیسرائیلیش کوژران.

جەنگەکە گۆڕاوە:

حزبوڵڵای لوبنان لە ساڵی 1982 لە دژی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە لوبنان دامەزراوە، لەوکاتەوە چەندین شەڕی گەریلەیی ئەنجامداوە وەک تەقینەوەی خۆکوژی، تیرۆرکردن، تەقینەوەی سەر ڕێگە و کەمین، لە بەرامبەردا ئیسرائیل بە بۆردوومانی ئاسمانی وەڵامی داونەتەوە، جگە لەمەش، ئیسرائیل گرووپێکی پرۆکسی لە لوبنان هەبوو بە ناوی 'هێزی باشووری لوبنان'، کە زۆربەی ئەندامەکانی کریستیان بوون و ناوچەیەکیان لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حزبوڵڵا لە لوبنان دروستکرد بوو، تا هەردوو لایەن تووشی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ نەبنەوە، بەڵام دوای کشانەوەی ئیسرائیل لە ناوچەکە لە ساڵی 2000، زۆربەی ئەندامانی گرووپەکە و خێزانەکانیان هەڵاتنە ئیسرائیل.

ئێستا ئیسرائیل بەبێ هەبوونی هیچ گرووپێکی پرۆکسی لە ناوخۆی لوبنان ئۆپەڕاسیۆنەکانی بەڕێوەدەبات و پشت بە چاودێریکردن، بۆردوومانی ئاسمانی و هێرش لە ناوچە بەرزەکانەوە دەبەستێت. حزبوڵڵا، کە پێشووتر بەردەوام پشتی بە تاکتیکی گەریلەیی دەبەست، ئێستا درۆن و مووشەک بەکاردەهێنێت، لەنوێترین پێشهاتدا، لە مانگی پێنجی ڕابردوو بۆیەکەمجار درۆنێکی نوێی مەترسیداری لە جۆری فایبەر ئۆپتیک بە ناوی 'کوادکۆپتەر' بەکارهێنا، کە بە کێبڵ کار دەکات و درێژیی کێبڵەکەی دەگاتە 15 کیلۆمەتر، بەکارهێنەرەکەی لە شوێنێکی پارێزراوەوە کۆنترۆڵی دەکات، هاوکات بە شەپۆلی رادیۆیی و سیستەمی تێکشکاندنی ئەلیکترۆنی راناگیرێت و دەستنیشانکردنی ئەستەمە.

چانسی دیپلۆماسی هەیە؟

ئۆرنا میزراهی، جێگری پێشووی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئیسرائیل ئاماژەی بە چانسی ڕێککەوتن و ڕێکارە دیپلۆماسییەکان کردووە و دەڵێت: "دۆخی ئێستا لەگەڵ ساڵی 2000 جیاوازە، ئێستا ئیسرائیل هەلی لەبەردەمە تا لەگەڵ جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان دانوستان لەسەر ئاگربەستێکی یەکجاری بکات، چونکە جۆزێف عەون بە ئاشكرا ڕەخنەی تووندی لە حزبوڵلا گرتووە و ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان دەربڕیوە.

ئۆرنا میزراهی جەخت دەکاتەوە کە ئیسرائیل ناتوانێت حبزوڵڵا بەتەواوی لەناو ببات، بەڵام دەتەوانێت لە ڕێگەی یارمەتی هێزی نێودەوڵەتی، حکومەت و هێزی سەربازی لوبنان بەهێز بکات تا ڕووبەڕووی حزبوڵڵا ببێتەوە.

18 تەمموز 2026 10:44
هەڵبژاردنەکانی پێشکەشکردن

بەیەکەوە جیاوازی دروست دەکەین

هەموو مافێکی پارێزراوە بۆ پایتەخت

© 2026