ئۆجەلان بڕیاری کۆتایی دەدات
پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا بەرەو کوێ دێت؟ نوێترین پێشهاتەکان.
بەستنەوەی زەمینەی یاسایی بە پڕۆسەی ئاشتییەوە لە تورکیا هەنگاوێکی نوێ دەنێت، شاندی ئیمراڵی دوای دوو مانگ دابڕان، خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دیدارێکی چارەنووسساز لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان بۆ تاوتوێکردنی ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە.
ئهمڕۆ ئانسی ههواڵی میزۆپۆتامیا بڵاوی كردهوه، پێنجشەممەی داهاتوو، 23ی تەممووزی 2026، شاندێکی ئیمراڵی کە پێکهاتووە لە پەروین بوڵدان، میتحەت سانجار و فایەق ئۆزگور ئەرۆڵ، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەن. ئامانجی سەرەکیی ئەم سەردانە، خستنەڕووی دوایین ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای تایبەت بە پڕۆسەی ئاشتییە بۆ ئۆجەلان تاوەکو بۆچوونی کۆتایی لەسەر وەربگیرێت.
بهپێی زانیارییهكان، ئەم شاندە پێشتر زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی ئاکپارتی و مەهەپە ئەنجام داوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەسەر خاڵە جێناکۆکەکان.
لهلایهكی دیكهوه، ڕۆژنامەی حوڕییەتی توركی له راپۆرتێكدا تیشكی خستووهته سهر ئهوهی ناکۆکیی قووڵ لە نێوان ئاکپارتی و پارتی دەمدا هەیە. پارتی دەم داوا دەکات یاساکە هەموو ئەندامان و سەرکردەکانی پەکەکە بگرێتەوە بێ پۆلێنکردنیان بۆ تاوانبار و بێتاوان، بەڵام ئاکپارتی سوورە لەسەر ئەوەی یاساکە سەرکردە باڵاکان نەگرێتەوە و لەسەر بنەمای 'پەشیمانبوونەوە' مامەڵە لەگەڵ ئەندامان بکرێت.
بهپێی ڕۆژنامه توركییهكه، ئەگەر ئەم ناکۆکییانە چارەسەر بکرێن، پێشبڕکێی پەسەندکردنی یاساکە لە پەرلەمان لە کۆتایی ئەم مانگە یان سەرەتای مانگی داهاتوو دەست پێ دەکات.
ئهمه لهكاتێكدایه، عەبدوڵا ئۆجەلان ئامادهیی خۆی نیشانداوه بۆئهوهی پڕۆسەکە لە قۆناغی توندوتیژییەوە بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسیی بگوازێتەوە.
بەپێی پڕۆژەیاساکە، ئەو ئەندامانەی پەکەکە کە بەشداریی چالاکیی چەکدارییان نەکردووە، ڕەنگە بۆ ماوەی 3 تاوەکو 5 ساڵ بخرێنە ژێر چاودێرییەوە.